کۆڵۆمبیا دان دەنێت بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا.. وەرچەرخانێکی کتوپڕ لەهەڵوێستی بۆگۆتادا

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی کتوپڕو مێژویدا کە هاوسەنگییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای لاتین‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهەژێنێت، حکومەتی کۆڵۆمبیا بەفەرمی دانی نا بەسەروەریی تەواوی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، ئەم بڕیارە دراماتیکییە کە لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە وەک پێویستییەکی ئەمنی بۆ تەلئەبیب وەسفکراوە، هاوکاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارە دژبەرەکانی پێشوی بۆگۆتا، لەوانە گواستنەوەی باڵیۆزخانە بۆ قودس‌و کشانەوە لەو سکاڵایەی کە لەدادگای لاهای دژی ئیسرائیل تۆمارکرابوو.


کۆڵۆمبیا جەختیکردەوە، "لەبەر ناسەقامگیریی هەرێمی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو بەڕەچاوکردنی گرنگی ستراتیژیی بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، حکومەتی کۆڵۆمبیا دان دەنێت بەسەروەریی ئیسرائیل بەسەر ئەم ناوچەیەدا".

کۆڵۆمبیا ڕایگەیاندوه‌، دان دەنێت بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، کۆڵۆمبیا لەبەیاننامەکەیدا ڕونیکردەوە، "لەبەر ناسەقامگیریی بەردەوامی هەرێمی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو بەهۆی گرنگی ستراتیژیی بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، حکومەتی کۆڵۆمبیا دان دەنێت بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر ئەم خاکانەداو هەروەها بەمافی دەوڵەتەکە لەبەرگریکردن لەخۆی بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان".

هەروەها حکومەتی کۆڵۆمبیا ڕونیکردەوە، "ئیسرائیل لەوکاتەوەی چەندین دەیەیە ڕوبەڕوی تەحەدای ئاسایشی بەردەوام‌و بونگەرایی دەبێتەوە لەسەر سەرجەم سنورەکانی، ئەم هەڕەشانە بەشێوەیەکی گەورە لەساڵانی کۆتاییدا زیادیانکردوەو لەهێرشە تێرۆریستییە ترسناکەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا گەیشتنە لوتکە کە مەترسی‌و سروشتی گۆڕاوی ئەو سەرکێشیانەی دەرخست کە گەلی ئیسرائیل ڕوبەڕوی دەبێتەوە، لەم چوارچێوە ئەمنییە هەرێمییەدا، کۆڵۆمبیا دان بەوەدادەنێت کە پاراستنی کۆنترۆڵ‌و سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا توخمێکی بنەڕەتییە لەئاسایشی نیشتمانیداو لەتوانایدا بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی‌و پاراستنی ئاسایشیان".

وەزیری دەرەوە گدعون ساعر لەکۆتایی هەفتەدا سەردانی کۆڵۆمبیای کرد بەبۆنەی دەستبەکاربونی ئەلبێردۆ دی لا ئیسپێرییا سەرۆکی نوێی کۆڵۆمبیاو دۆستی ئیسرائیل، دواتر لەگەڵ سەرۆکی کۆڵۆمبیا لەبارانکیا کۆبوەوە.

ساعر وتى، "سوپاسی کۆڵۆمبیاو دۆستی ئازیزم ئەبێلاردۆ دی لا ئیسپێرییا سەرۆکی کۆڵۆمبیا دەکەم لەسەر بڕیارە مێژوییەکەی بەداننان بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، ئەمە لەدوای کۆبونەوەکەمان لەکۆڵۆمبیا، لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردودا هات، سوپاسی هاوکارو دۆستی ئازیزم عومەر بۆلا ئیسکۆبار وەزیری دەرەوە دەکەم لەسەر هاوڕێیەتی‌و لەسەر هاوکاری پیشەیی".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل ڕاشیگه‌یاند، "ته‌لئه‌بیب دەوڵەتێکی بچوکە بەبێ قوڵایی ستراتیژیی، سنوری پارێزراو بۆ ئەو پێویستە لەپێناو دڵنیابونەوە لەبونی گەلی جولەکە لەنیشتمانی مێژویی خۆیدا، بەردەوام دەبم لەکارکردن بۆ ئەوەی دەوڵەتی زیاتر بچنە پاڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان (بەسەرۆکایەتی ترەمپ)و کۆڵۆمبیا (بەسەرۆکایەتی سەرۆک دی لا ئیسپێرییا) بۆ داننان بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا، کە 45 ساڵ لەمەوبەر یاسای ئیسرائیلی بەسەردا جێبەجێکرا".

ئەم هەنگاوەی لایەنی کۆڵۆمبیا دەچێتە پاڵ زنجیرەیەکی درێژ لەپێشکەوتنەکان لەپەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و کۆڵۆمبیا کە لەو گفتوگۆیانەدا بەدەستهاتون کە لەنێوان گدعون ساعر وەزیری دەرەوەو سەرۆکی کۆڵۆمبیاو جێگری سەرۆک‌و وەزیری دەرەوە لەوێ بەڕێوەچون‌و ئەمانە دەگرێتەوە، نوێکردنەوەی تەواوو دەستبەجێی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دیاریکردنی دەستبەجێی باڵیۆزەکان، گواستنەوەی باڵیۆزخانەی کۆڵۆمبیا بۆ قودس، ڕێککەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکانی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەنێوان هەردوو وڵاتدا، کشانەوەی کۆڵۆمبیا لەو سکاڵایەی کە ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتیدا بەرزی کردبوەوەو لە"کۆمەڵەی لاهای"، ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسیی‌و ئەمنیی‌و ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.