گۆڕانکارییەکی هەستیار لەسوپای سوریا؛ موختاری تورکی لەسنوری ئیسرائیلەوە بۆ حەما دەگوازرێتەوە

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دامەزراندنی عومەر جفتچی ئەفسەری بەڕەچەڵەک تورک‌و سەرکردەی پێشوی تەحریری شام، وەک فەرماندەی فیرقەی (62) لەحەما، سەرنجی تورکیاو ئیسرائیلی ڕاکێشاوە؛ ئەم هەنگاوە کە ناوبراو لەسنورەکانی جۆلان دوردەخاتەوە، لەلایەکەوە وەک پەیامێکی دڵنیایی ئەمنی دیمەشق بۆ تەلئەبیب لێکدەدرێتەوەو لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، وەک ستراتیژیەتێکی ناوخۆیی بۆ کۆنترۆڵکردن‌و تێکەڵکردنەوەی چەکدارانی پێشوی گروپی (سوڵتان سولەیمان شا) لەناو پێکهاتە سەربازییە نوێیەکەی سوریادا دەبینرێت.


ئه‌م دامه‌زراندنه‌ نوێیه‌ لەناو سوپای سوریادا سەرنجی تورکیای ڕاکێشاوە، بەتایبەتی بەهۆی ناسنامەی ئەو ئەفسەرەی کە سەرکردایەتی فیرقەی (62)ی پێسپێردراوە، عومەر جفتچی، کە بە(موختاری تورکی) ناسراوە، لەهه‌نگاوێکدا کە زیاتر لەحساباتی ناوخۆیی‌و هەرێمی دەچێت، لەناوچە هەستیارەکانی باشوری سوریاو هاوسنور لەگەڵ ئیسرائیلەوە، گوازراوەتەوە بۆ ناوچەی حەما لەباکور؛ ئەم گۆڕانکارییەش جفتچی دەخاتە دورتر لەهێڵەکانی پێشەوەی بەرزاییەکانی جۆلان.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکانی میدیای تورکی، ناوبراو هاوڵاتییەکی بەڕەچەڵەک تورکەو بەیەکێک لەدیارترین‌و لێهاتوترین سەرکردەکانی پێشوی ناو ڕیزەکانی (دەستەی تەحریر شام) دادەنرێت کە هەژمونێکی بەهێزیشی بەسەر چەکدارە بیانییەکاندا هەیە، هەر ئەمەش وایکردوە لەژێر چاودێرییەکی وردی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا بێت.

ئەو بڕیارە نوێیەی دیمەشق ڕەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت، لەلایەکەوە، دورخستنەوەی ئەفسەرێکی ئاوا هه‌ستیار بۆ باکور، دەکرێت وەک پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی تەلئەبیب بکرێت لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی میکانیزمێکی ئەمنیی لەسەر سنورەکان، ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە کە بیسەلمێنێت بڕیارەکە لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی ئیسرائیلدا دراوە.

لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، بەهۆی ئەوەی فیرقەی (62) لەو چەکدارانە پێکهاتوە کە پێشتر سەر بەگروپی (سوڵتان سولەیمان شا) بون‌و بۆ چەندین ساڵ دڵسۆزی (ئەبو عەمشە) بون، دەستنیشانکردنی جفتچی کە خۆی تورکە، پەیامێکی ئەرێنی دیمەشقە بۆ ئەنكەرە کە ئەم هەنگاوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان نییە.

لەڕوانگەیەکی ناوخۆییەوە، ئەم گۆڕانکارییە سیاسیی-سەربازییە پەیوەندیی بەستراتیژیەتی سوپای نوێی سوریاوە هەیە بۆ پێکهێنانەوەو هەڵوەشاندنەوەی پاشماوەی میلیشیاکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ.

ئەبو عەمشە کە بەمدواییانە پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ جێگری فەرماندەی فەیله‌قی ناوه‌ندیی، لەڕاستیدا لەکۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی پیاوەکانی دابڕاوە، لێرەدا وەزارەتی بەرگریی سوریا جفتچی هەڵبژاردوە، چونکە پێشتر لێهاتویی خۆی لەتێکەڵکردنی ئەو یەکانە سەلماندوە کە دڵسۆزیی کۆنیان بۆ گروپە جیاوازەکان هەبوە، تائێستا لەناو پێکهاتە سەربازییە فەرمییە نوێیەکەدا ڕێکیان بخاتەوە.

لەکۆتاییدا، ئەنجامەکە بۆ ئیسرائیل ڕونە؛ یەکێک لەمەترسیدارترین ئەفسەرەکان چیتر لەسەر سنوری جۆلان نییە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەمە تەنها ڕێکەوتێک بوە یاخود بەشێکە لەحساباتە سیاسییە قوڵ‌و بەرفراوانەکان.

عومەر جفتچی (موختاری تورکی) كێیه‌:
به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك تورکەو لەدایکبوی ساڵی 1980یە، پێشتر بەهۆی پەیوەندییە مێژوییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە جیهادییەکاندا، ناوی لەلیستی داواکراوانی دەوڵەتی تورکیادا بوە، لەساڵی 2004دا چوەتە ئەفغانستان بۆ شەڕکردن، پاشان لەساڵی 2012داو لەگەڵ سەرەتای دامەزراندنی (بەرەی نوسرە) چوەتە سوریا، دواتر بوە یەکێک لەکەسە نزیک‌و متمانەپێکراوەکانی ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانى ئه‌وكات‌و ئه‌حمه‌د شه‌رع-ى ئێستاى سه‌رۆكى سوریا لەکاتی سەرکردایەتیکردنی دەستەی تەحریر شام-دا.

ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌شده‌كرێت، لەساڵی ٢٠١٢دا كاتێك جفتچی لەئەفغانستانەوە گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و خۆى گه‌یاندوه‌ته‌ سوریا، لەوێ بەهۆی ئەو ئەزمونە سەربازییەی لەئەفغانستان پەیدایکردبوو، خێرا پلەی بەرزكراوه‌ته‌وه‌و بوه‌ته‌ یەکێک لەدامەزرێنەرانی (بەرەی نوسرە ـ باڵی پێشوی قاعیدە لەسوریا).

لەکۆتاییەکانی مانگی دیسەمبەری 2024دا، لەچوارچێوەی مەرسومێکدا کە چەندین فەرماندەی دیكه‌ى غەیرە سوریشی گرتەوە، پلەی عەمیدی لەسوپای نوێی سوریادا پێبەخشرا، موختار تورکی چەندین پۆستی هەستیاری لەهێزە چەکدارەکانی سوریای نوێدا وەرگرتوەو جموجۆڵەکانی بەگرنگییەوە لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەکانەوە دەخرێنە ژێر چاودێریی.

دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لەدیمەشق، سەرکردایەتی (فیرقەی 44)ی لەدەرعاو قونەیته‌رە (بەرامبەر بەرزاییەکانی جۆلان) گرتەدەست، پاشان سەرکردایەتی (فیرقەی 70) لەگوندەواری دیمەشق‌و سەربازگەکەی پێسپێردرا، لەگۆڕانکارییەکی نوێدا، جفتچی بەفەرمی گوازرایەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی (فیرقەی 62) لەپارێزگای حەما بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لەشوێنی فەرماندەی پێشوی گروپە چەکدارەکان محەمەد ئەلجاسم (ناسراو بەئەبو عەمشە).

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە شیکارییەکانی دامەزراوە میدیاییەکان، ئەم دامەزراندن‌و گۆڕانکارییانە چەندین ئامانجی ستراتیژی ڕون لەخۆدەگرن، ئامانجی سەرەکی لەدانانی موختار تورکی لەسەرکردایەتی فیرقەی 62، بریتییە لەتوندکردنی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی دیمەشق‌و توانەوەی ئەو چەکدارانەی کە پێشینەی جیاوازیان هەیە (وەک گروپەکەی ئەبو عەمشە کە نزیکبون لەئەنكەرە)، بۆ ئەوەی دڵسۆزییان بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بێت نەک بۆ سەرکردە عەشایەریی‌و ناوچەییەکان.

هاوكات باس له‌وه‌شده‌كرێت، گواستنەوەی جفتچی لەبەرەی هەستیاری باشور (کە هاوسنورە لەگەڵ ئیسرائیل لەقونەیته‌رەو دەرعا)و ناردنی بۆ ناوەڕاستی سوریا (حەما)، وەک هەنگاوێکی ئەمنی بۆ ڕێکخستنی نوێ‌و ناردنی پەیامی هێورکردنەوە بۆ دەرەوە لێکدەدرێتەوە، ئەمەش بەهۆی پێشینەو ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەی ئەو فەرماندەیەوە.

هەڵبژاردنی ئەفسەرێک کە ڕەگەزنامەی تورکی هەیەو پەیوەندییەکی باش‌و هەماهەنگییەکی توندی لەگەڵ ئەنكەرەدا هەیە، پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ دوپاتکردنەوەی ئەوەی کە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سوپا، ئامانجی لێدان لەهەژمون یان بەرژەوەندییەکانی تورکیا نییە لەباکوری سوریادا.