عەباس عێراقچی پەیوەندیی بە بافڵ تاڵەبانییەوە کردو بانگهێشتی کرد بۆ تاران

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بافڵ تاڵەبانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت و هەردولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکاندا کردەوە، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی کرد بۆ تاران.


نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لە پەیوەندییەکەدا، هەردولا بیروڕایان دەربارەی دوا پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابورییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و تاوتوێی رێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئێستایان کرد. جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکاندا کردەوە ".

ئەوەشخراوەتەڕوو، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە وەک کاریگەرترین رێگا بەرەو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری، و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلانی ناوچەکە، دەستخۆشیشی لە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامە دیپلۆماسیی و بنیاتنەرەکانی لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان و  سەقامگیرییەکی فراوانتردا.

بەپێی راگەیەنراوەکە، هەردولا تاوتوێی پەیوەندییە مێژوییە ستراتیژییەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد، و پابەندبونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و هەماهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتی باش و سەقامگیریی ناوچەکە دوپاتکردەوە.

لە درێژەی گفتوگۆکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی کرد بۆ تاران بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.