بەرپرسێکی پێشوی پنتاگۆن: ئەگەری شەڕی ناوخۆی عێراق هەیەو دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەیڤید دێس ڕۆچز، بەرپرسی پێشوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند کە دیاریکردنی وادەی مانگی ئەیلول لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکی گروپە چەکدارەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام بەوتەی ئەو هەمیشە بەرەنگاربونەوە بەرامبەر سەروەریی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئەو لایەنانەوە دەبێت کە فەرمان لەئێرانەوە وەردەگرن نەک لەبەغدا، و ڕەنگە ئەو بەرەنگاربونەوەیە کوشندەش بێت.


دێس ڕۆچز ئاماژەی بەوە کرد کە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا دەوڵەتی عێراق بەڕاستی ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەو جەنگان دژ بەچەکدارانی سەر بەئێران لەناوخۆیدا، یان ئەوەتا بابەتەکە بەپێشکەشکردنی سازش و بەیاساییکردنی نوێ بۆ دۆخی نەگونجاوی ئێستا کۆتایی دێت.

بەبڕوای ئەو، عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواو نییەو دەستبەرداری بەرەنگاربونەوەی دوژمنە ناوخۆییەکانی بوە، بۆیە بەردەوامە لەئاڵۆزی لەژێر سێبەری هەژمونی ئێراندا.

جەختیشی کردەوە کە ئەم دۆخە ئەگەرچی لەڕوی سیاسییەوە لەبەغدا قبوڵکراو بێت، بەڵام بەس نییە بۆ هەڵگرتنی سزاکان و ڕێگریکردن لەخۆدزینەوەی تاران لەسزاکان لە ڕێگەی گواستنەوەی بانکییەوە.

سەبارەت بەسیناریۆ گریمانکراوەکانی ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی چەک لەلایەن میلیشیاکانەوە، ڕونی کردۆتەوە کە عێراق یان وەک دەوڵەتێکی پارچەپارچەکراو لەڕوی سەروەرییەوە دەمێنێتەوە یان ڕوبەڕوی قۆناغێک لەشەڕی ناوخۆیی دژی بریکارەکانی ئێران دەبێتەوە، چونکە هیچ بژاردەی 3 لە ئارادا نییە.

لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەپاراستنی دینامیکییە تایبەتەکەی خۆی بەئاڕاستەو ڕێڕەوێکی سەربەخۆ لەبەشەکانی تری عێراق.