شارپرێس:
لەوانەیە لە نێوان هەر 5 کەسدا کەسێک لە ڕووی بۆماوەییەوە ئامادەیی هەبێت بۆ بەرزبوونەوەی جۆرێک لە جۆرەکانی کۆلیسترۆڵ بەبێ ئەوەی ئاگادار بێت؛ ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، تەنانەت ئەگەر ئاستی کۆلیسترۆڵی ئاساییشی لە سنووری ئاساییدا بێت.
شیکارییەکی نوێ بۆ زانیارییەکانی زیاتر لە 20,000 کەس لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی پەیمانگاکانی تەندرووستیی نیشتمانیی ئەمریکا دەریخستووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی پرۆتینی چەوری (a) کە بە Lp(a) ناسراوە، پەیوەندیی بە زیابوونی مەترسیی تووشبوون بە ئاڵۆزییە مەترسیدارەکانی دڵ و دەمارەکانەوە هەیە.
ئەم جۆرە لە کۆلیسترۆڵ لە پرۆتینی چەوری کەم چڕی (LDL) یان کۆلیسترۆڵی زیانبەخش دەچێت بەڵام پرۆتینێکی زیادەی تێدایە، و ئاستەکەی تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی هۆکارە بۆماوەییەکانەوە دیاری دەکرێت و بە شێوەیەکی گشتیی نیشانەی ڕوون درووست ناکات.
توێژەران بەدواداچوونیان بۆ باری تەندروستیی 20,070 بەشداربووی سەروو 40 ساڵ کرد بۆ ماوەی نزیکەی 4 ساڵ.
لەم ماوەیەدا 1,461 ڕووداوی گەورەی دڵ و دەمارەکان تۆمار کران، ئاستی 175 نانۆمۆڵ/لیتر یان زیاتر لە Lp(a) بەڕێژەی 31% مەترسیی ئەم ڕووداوانە و گیانلەدەستدانی پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشکی زیاد کرد.
پشکنینی خوێن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی بەرزیی ئەم جۆرە کۆلیسترۆڵە بۆ ئەوەی بە هاوکاری پزیشک بڕیاری پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارەکانی مەترسی بدرێت.