شارپرێس:
کۆمپانیای حکومیی «ڕوسئەتۆم»ی ڕوسی بۆ وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند کە بەنیازە ژمارەی زاناکانی لەوێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زیاد بکات، ئەوەش دوای دەستپێکردنەوەی گەڕانەوەی ئەو پسپۆڕانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە ئێرانیان جێهێشتبوو.
کۆمپانیا ڕوسییەکە دەستیکردوە بە گەڕاندنەوەیکادیرە تەکنیکییەکانی بۆ وێستگەی بوشەهر بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لەپڕۆژە ئەتۆمییەکەدا. ئەلێکسی لیخاتشۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕوسئەتۆم ڕایگەیاندوە کە لە ئێستادا تیمی یەکەم لە 5 شارەزای ڕوسی لەوێستگەکە کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردوە کە ژمارەی گشتیی کادیرە ڕوسییە ئامادەبوەکان لەدامەزراوەکەدا بۆ 25 کەس زیادی کردوە، هەروەها پلانیش هەیە تا وەرزی پایز ئەم ژمارەیە بۆ 100 شارەزا بەرزبکرێتەوە.
لیخاتشۆڤ جەختیشی لەبەردەوامیی کارەکانی دروستکردنی باڵەخانەی ڕیاکتۆرەکانی تایبەت بەیەکەکانی 2 و 3 لەوێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کردەوە.
گەڕانەوەی ئەم پسپۆڕانەش دوای چەند مانگێک لەڕۆیشتنیان لەئێران دێت بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە.