شارپرێس:
دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاوایییەکان پێشبینی دەکەن ئەو ڤیدیۆیەی بەم دوایییە لەمیدیاکانی ئێران بۆ موجتەبا خامنەیی بڵاوکرایەوە، تۆمارێکی کۆن بێت و پێش دەستپێکردنی جەنگ وێنەگیرابێت.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، برینداربونی سەختی موجتەبا ڕێگەی پێنادات بەشێوەیەکی ئاشکرا لەڕای گشتیی دەربکەوێت.
ئەم پێشبینییە لەسەر بنەمای شێوازی دەرکەوتنی کراوە؛ چونکە بەجلوبەرگی ئاسایی پیاوانی ئایینییەوە دەردەکەوێت نەک وەک ڕێبەری باڵا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تۆمارەکە پێش دیاریکردنی فەرمیی کرابێت.
سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە وێنەی نمونەیی سەرکەوتن بۆ تاران ئەوە بوو ناوبراو بەپێوە بوەستێت و وتار پێشکەش بکات، بەڵام دۆخی جەستەیی ئامادەی ئەمە نییە.
لەبەرامبەردا، تاران هەوڵدەدات دۆخەکە ئاسایی دەربخات؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە کۆبونەوەیەکی درێژخایەنی 7 کاتژمێریی لەگەڵ ڕێبەری باڵا ئەنجامداوەو تەندروستیی تەواوە، بەڵام ئەم بانگەشەیە بەگومانێکی زۆرەوە پێشوازیی لێکراوە.