شارپرێس:
ڕۆژی سێشەممە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوای كرد پرۆژەیاسای كۆنترۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەتدا ئامادەبكرێت بەپێی ڕێكارە دەستورییەكان. هۆشداریشیدا لەوەی بڵاوبوونەوەی چەكی كۆنتڕۆڵنەكراو یەكێك لە مەترسییە جیددییەكان بۆ سەر وڵات دروست دەكات.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "مەترسی هەرە جیددی بۆ سەر دەوڵەت بڵاوبوونەوەی چەكی كۆنترۆڵنەكراوە، بەو پێیەی سەروەری یاسا تێكدەدات و شكۆمەندی دامەزراوە ئەمنییەكان لاواز دەكات".
ناوبراو جەختی لە بەهێزكردنی پێگەی دەوڵەت و سەروەریی و شانازیی دامودەزگا دەستورییەكانی كردەوە، جگە لە پەرەپێدانی تواناكانی دامەزراوەی سەربازی بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری نێوخۆیی.
جەختيشی لە پێویستی كاری یەكگرتوو و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان كردەوە بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری و دەركردنی یاسای پێویست و دابینكردنی پشتیوانی یاسایی بۆ پلان و بەرنامەكانی گەشەپێدان.