شارپرێس:
یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لێدوانی تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا و عێراق، پڕ بووە لە نادروستی، دوای ئەوەی باراك هۆشدارییەكی توندی دا لەدوای هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەی ئاسمانی ئەبوزوهور لە نزیك سنوری توركیا.
كاتس ڕایگەیاندووە كە "وەڵامی تۆم باراك نوێنەری ئەمریكا پڕە لە نادروستی و هەڵوێست كە پێچەوانەی هەڵوێستی خودی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە سەبارەت بە بەرزاییەكانی جۆلان".
كاتس ئاماژەی بەوەدا كە "چەندین جار پێشنیار كرا بۆ هەڵكوتانە سەر بنكەی ئاسمانی ئەبوزوهوری سوریا، ئەمەش بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری ڕون سەبارەت بە نیازی توركیا بۆ ئەنجامدانی چالاكیی لەوێ كە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل دەكات".
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای چەند گفتوگۆیەك لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ و سوپای ئیسرائیل و بەرپرسانی دیكەی ئەمنی، ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی پێش ئەوەی هێرش بكرێت، ئاگاداركردنەوەیەكی ڕاستەوخۆ بە ڕژێمی سوریا لە ئاستە باڵاكاندا دەربكرێت، ئەمەش لە هەوڵێكدا بۆ ڕێگریكردن لەم هەنگاوە و ئەمەش كرا.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەشڵێت، زانیاری هەواڵگری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ئەمریكا هاوبەش كراوە.
