سەرنج لەبارەی هەندێک چەواشەکاری مێژوویی
بەشی سێیەم
یەکەم: توێکاری و مێژوو
سەردەمی نوێ، کە دووبارە مێژووی تێدا بونیاد دەنرێتەوە، ئەوەی پێشانداوە، بەشێکی بەرچاو لە ڕووداوەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵ و کاریگەری بڕیار و هێزە دیاریکراوەکانی "ناڕووداو-غیر حدپیە" دان، واتە ئەوەی زۆرجار وەک ئەوە دەرناکەوێت ڕووداوێکی مێژوویی ڕاستەوخۆ بێت. لە ئەمڕۆدا دووبارە بونیادنانەوەی زانستی مێژوو تەنها پشت بە دۆزینەوەی یاساکان، یان ئەو هێزە شاراوانە نابەستێت، کە جوڵەی مێژوو شیکار و ڕاڤە دەکەن، بەڵکو هەوڵدەدات لە ناڕووداویش تێبگات، ئەوەی لەسەر ڕووداوی ڕوون و دیار بونیادنەنراوە. لەبری ئەوەی بە تەنها پشت بە گێڕانەوەی ڕووداوەکان ببەسترێت، هەوڵدەدرێت فۆرمەلەی ئەو تێگەیشتنە لە ناڕووداو بەشێوەیەکی ورد بخوێنرێتەوە. بە مانا زۆرجار لە دەرەوەی ڕووداوە ڕاستەوخۆکانەوە بڕیار لە ڕووداو دەدرێت، ئەوەش بریتییە لەو شتەی مێژووی نوێ بە فۆڕمە جیاوازەکانییەوە هەوڵدەدات لێیان تێبگات. بونیادنانەوە، یان بونیادنانی نوێ بۆ مێژوو لە ئەمڕۆدا ناتوانرێت بە تەنها لە میکانیزم، یان بزوێنەرەکانی لێکدانەوەی مێژوودا بدۆزرێتەوە، بەڵکو دەشێت لە لێکدانەوەی "ناڕووداو" و فۆرمەلەکردنی لە چوارچێوەی تیۆری و میتۆدی ڕووندا ببینرێت، بۆیە دەبینین مێژوونووسانی سەدەی بیست بیرۆکە و تێگەیشتنی زیاتریان لایە بەراورد بە مێژوونووسانی کۆن، کە مێژوویان تەنها وەک مێژووی پاشا و میرەکان، جەنگەکان و پەتا و نەخۆشییەکان دەبینی.
میشێل فۆکۆ، لە کارە فیکرییەکانیدا یەکێک لەو میتۆدە فیکری و فەلسەفیانەی بۆ شیکردنەوەی سیستمی فیکری و بینینی ڕەهەندە جیاوازەکانی، پشتی پێ بەستووە، میتۆدی ئارکیۆلۆجیا، یان زانستی ئارکیۆلۆجیای مەعریفییە.
مەعریفەی مێژوویی لەلایەن پێشەنگانی پۆستمۆدێرنەوە بایەخێکی تەواوی خرابوویەسەر، کە میتۆدی مێژوویی و نووسینەوەی مێژوویان گفتوگۆ دەکرد. مەبەستی فۆکۆ لە هەڵکۆڵین، یان توێکاری، ئەو میتۆدە شیکارییە بوو، کە دەیتوانی لە ڕێگەی سیستمی گوتارەوە، دیوە شاراوەکانی نێو مێژووی نەریتی بپشکنێت. ئامانج لەم میتۆدە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە قوڵانە بوو، کە مەعریفەی مێژوویی و پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە پێکدەهێنا، ئەمەش بەتێپەڕاندنی گێڕانەوەی حیکایەت و بیرۆکە باوەکان دەکرا بێتەدی. واتە لای فۆکۆ، ئارکیۆلۆجیا دەبێتە ئامرازێکی شیکاری بۆ دۆزینەوەی مێژوویەکی جێگرەوە بۆ سیستمی مەعریفە، کە ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەعریفەیە دەکات، کە مەعریفەی قبوڵکراوە لەلایەن گروپە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کە لە ڕێگەیەوە باسی ئەزموونی مێژوویی خۆیان دەکەن.
جگە لەوە، سیستمی گوتار لای فۆکۆ، نەک هەر دەق تێدەپەڕێنێت، بەڵکو گۆڕەپان و مومارەسە و پێکهاتەی خۆیشی جیادەکاتەوە، ئەم میتۆدە کۆی توخمە خودی و ئایدیۆلۆجییەکان کەنارگیر دەکات، بانگەشە بۆ دوورکەوتنەوە لەو میتۆدۆلۆجیایە دەکات، کە لێکۆڵینەوەی میتافیزیکی دەیسەپێنێت.
فۆکۆ، ڕوانگەیەکی ڕوون و نوێ بۆ پێناسەکردنی شێوازەکانی پراکتیزەکردنی گوتار لەنێو گوتاری مێژووییدا پێشکەش دەکات. ئەو نەک هەر باس لە پیشەی مێژوونووس دەکات، بەڵکو جەخت لە پێویستی بوونی ئامرازی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی زانستی مێژوویی ڕەسەن دەکاتەوە. ئەو لەو دیدگایەوە سەرنج دەخاتە سەر بیرۆکەکە، کە بەهای بەڵگەنامەیەک پەیوەندی بە تێگەیشتنی مێژوونووسەوە هەیە بۆ ئەو گوتارانەی لە کاتی دروستکردنی بەڵگەنامەکەدا باو بوون، لێرەوە فۆکۆ خۆی لەو ئەقڵە سادە و حیکایەتخوانییە جیادەکاتەوە، کە کۆی کاریگەرییەکان لەسەر بڕیار و خەیاڵی مرۆڤەکان فەرامۆش دەکەن و لەڕێی خوێندنەوەی تەنها بەلگەنامەوە بڕیار لە ڕەوتی ڕووداوەکان دەدەن، واتە فۆکۆ، ڕێک پێچەوانەی ئەو مەیلە نەریتییەیە، کە بە سادەیی و وەک ڕاستییەک لە بەڵگەنامەیەک دەڕوانێت، کاتێک باس لە ڕووداو و گۆڕانکارییە مێژووییەکان دەکات، بەبێ ئەوەی دان بە هێزی گوتار لە داڕشتنی بەڵگەنامەکە و گۆڕینی مانا و واقیعەکەیدا بنێت.
مێژوو لای فۆکۆ، بریتییە لەو هێزەی بەڵگەنامەکان دەگۆڕێت بۆ ئارکیۆلۆجیا، کۆمەڵێک توخم دەخاتەڕوو، کە دەبێت جیابکرێنەوە، کۆبکرێنەوە، تیشکیان بخرێتەسەر و ڕێکبخرێن. توێکاری مەعریفە، بریتیبوو لەو میتۆدەی بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی بەکاریهێنا. فۆکۆ، ئەو تێزەی ڕەتدەکردەوە، کە مێژوو لەسەر هێڵێکی ڕاستەوانە دەڕوات و بەردەوام بەرەو باشتر پێشدەکەوێت، لەبری ئەوە میتۆدی توێکاری، یان هەڵکۆڵینی چینەکانی ڕابردووی پێشنیار کرد بۆ تێگەیشتن لەو بنەما شاراوانەی، کە مەعریفە و ئەقڵی مرۆڤەکان لە هەر سەردەمێکدا پێکیهێناوە. واتە بەپێی فۆکۆ، مەحاڵە هیچ سەردەمێکی مێژوویی و مەعریفی بەبێ تێگەیشتن لەو گوتارە زاڵەی لەو ڕۆژگار و سەردەمەدا بوونی هەبووە، بە دروستی لێکبدرێتەوە.
لە هەوڵدانیشی بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندی نێوان مەعریفە و دەسەڵات، فۆکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، خاوەندارێتی لە گوتار یەکسانە بە خاوەندارێتی دەسەڵات. مێژوو لای ئەو، دەبێتە زنجیرەیەکی دابڕاو لە یەکدی، نەک یەک چیرۆکی بەردەوام، بڕوای وابوو هەر ماوەیەکی زەمەنی سیستمێکی تایبەت لە بیرکردنەوەی خۆی هەیە، هەر ماوەیەکیش بەشێوەیەکی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو ئەگەری ئەوەی هەیە بگۆڕێت. واتە مێژوو لای فۆکۆ، کۆمەڵێک ڕووداو نییە بە زنجیرە بەدوای یەکدابێت، بەڵکو وەک شەمەندەفەرێک وایە، وێستگەی جیاواز دەبڕێت و بە وێستگەی جیاوازیشدا تێدەپەڕێت، هەر یەکێکیش لەم وێستگانە فۆڕمێکی تەواو جیاوازتر لە وێستگەکانی پێش خۆی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە، بیرکردنەوەی خەڵک و بنەماکانی بیرکردنەوە لە ڕابردوو بە تەواوی لە ئێستا جیاوازە و پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە.
دووەم: کورتهێنان لە مەعریفەی مێژووییدا
(١)
لە بەشی دووەمی ئەم بابەتەدا ئاماژەیەکی کورتمان بەوەدابوو، سەرنجدان لە ڕووداو و کەسایەتییەکانی نێو مێژوو شتێکە و ئاگایی و هۆشیاری بە مەعریفەی مێژوویی شتێکی دی. گرفتی ئەوەی ئێمە زۆرجار بڕیاری پڕ کەموکورتی تا ڕادەی شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو دەدەین، پەیوەندی بەو ئامادەنەبوونی ئاگایی و هۆشیارییە مێژووییەوە هەیە لە کارەکانماندا، بەڵکو هێندە بەسە لەڕێی بینینی چەند بەڵگەنامەیەک، چەند دەقێکی ڕۆژهەڵاتناسان، هەندێک نووسینی سیاسی، سیخوڕ و بڕیاربەدەستانی هێزەکانی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان، کۆی دونیابینی خۆمانی لەسەر بینا بکەین و پێمانوابێت، ئەوەی ئەوان نووسیوویانە گەیشتنە بەدوا ڕاستی و لێکدانەوە بۆ کورد و بەشێک لە کەسایەتییەکانی ئێمە لەنێو مێژوودا. بێگومان چ ڕۆژهەڵاتناسان، چ ئەوانەیشی هاوشانی هێزەکانی کۆلۆنیالیزم هاتوونەتە کوردستان و کاربەدەستی سیاسی، سەربازی و هەواڵگری بوون، دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی ئێمەیان وەک کورد نووسیوەتەوە، یان لەڕێی ڕاپۆرت و نامەوە بۆ ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکانیان ناردووە، وێڕای ئەو خزمەتە گەورەیەش کە بە زۆر بواری جیاوازی سیاسی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتوری و... تا دوایی، کوردیان کردووە، بەڵام هێشتا بەشێکی گرنگ لەم نووسینانە لە نیەت و پەیامی تایبەتی کۆلۆنیالیزم و بەرژەوەندی دەسەڵاتی داگیرکەر لەلایەک و، دواتریش ئەو وڵاتانە بەدەر نییە، کە کوردیان وەک نەتەوەیەک و کوردستانیشیان وەک خاکی کوردان، پێوەلکاندوون.
لۆرد ئاکتون، بە وردی سەرنجمان بۆ ناوەڕۆک و بنەمای ئەخلاقی لە مێژوودا ڕادەکێشێت، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، جەوهەری مێژوو بەجۆرێک لە جۆرەکان بریتییە لە تێکۆشان لەپێناوی ئازادی ئەخلاقیدا. دەتوانین بڵێین لە ئێستادا بەشێکی گرنگ لە گرفتی بونیادی ئێمەی کورد لە نووسینەوە و لێکدانەوەمان بۆ ڕووداوە مێژووییەکان لە بیرکردنی ئەو بنەما و ناوەڕۆکە ئەخلاقییەیە. ژمارەیەک لە نووسەران و ئەوانەی قسە لە ڕووداوی مێژوویی دەکەن گەرەکییانە بە ڕەهایی کورد لەڕێی ئەویدی بێگانەوە بخوێننەوە، ئەوان هەم قامچی دوژمنەکانمان فەرامۆش دەکەن، هەم پشتی پڕ برینی مێژووی خۆمان، قامچی جەللادیان لێبووە بە داری نەجات و برینی کوردیش بە گوناهی گەورەی تەنها و تەنها کورد خۆی، لۆژیکێک هێندەی ئەو لۆژیکە ترسناکە، کە سیخوڕێکی ئینگلیز، فرەنسا، یان ڕوسیا و ئەمریکا، دەخوازێت ڕاپۆرتێک بۆ ئاغاکانی لە لەندەن، پاریس، مۆسکۆ و واشنتن بنێرێتەوە و ئێمەیش وەک تێکستی پیرۆز و دواڕاستی وەک وانەی وەفا بۆ نەوەکانمانی پەخش بکەینەوە. لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتەپێش، بایەخ و ئەرکی مێژووی ڕەخنەیی لە کوێ دایە، ئایا ئەوانەی لە تەنها یەک ڕەهەندی تایبەتەوە گەرەکییانە ڕووداوێک، یان کەسایەتییەکی نێو مێژووی ئێمە بخوێننەوە، ئاگاداری ئەم مێژووی ڕەخنەییە هەن. ئەرکی سەرەکی مێژووی ڕەخنەیی بریتییە لە ئازادکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤ لە ملکەچی، کۆیلایەتی، خورافە و گەمژەیی، لەپێناوی بڵاوکردنەوەی ئازادی، ڕۆشنگەری و ئەقڵانییەت، بایەخی فەلسەفەی شارستانیش بریتییە لە فراوانکردنی توێژینەوەی مێژوو بەجۆرێک، کە لە هەواڵی جەنگەکان و ژیانی میر و پاشاکان گەورەتر بێت.
مێژوو ئاڵنگارییە بەرانبەر نەزانی مرۆڤ دەرهەق بە خودی خۆی و ڕابردووی خۆی، ماندووبوونێکی ئەخلاقی و زانستی باڵایە لە گەڕان بۆ خستنەڕووی ڕاستییە خودی و بابەتییەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، نەک چەواشەکاری و ساختەکردنی ڕووداو.
سیاسیی و سیخوڕ و کاربەدەستانی هێزە کۆلۆنیالییەکان، مێژووی ئێمەیان نووسیوەتەوە، قسەی زۆریان لەبارەی کەسایەتی و هەڵسەنگاندنی بیرکردنەوە و ئاراستەی ڕوانینیان کردووە، بەڵام ئەم نووسین و قسانە، لە ژێر ناونیشانی بەڵگەنامە و ئەرشیفدا کۆکرابنەوە، یان هەر ناونیشانێکی دی، نە دەبن بە دوا ڕاستی خوێندنەوەی ڕووداوەکانی مێژوو، نە دەبن بە ڕستە و تێکستی پیرۆز، بەڵکو تەنها بەشێکن لە مێژوو، مێژووی سیاسی، مێژووی کۆمەڵایەتی، مێژووی ئابووری، مێژووی دینی و کولتوری و تا دوایی، بۆیە وەک چۆن ئەگەری ئەوەیان هەیە ڕاست بن، بەهەمان شێوە دەبێت ئەگەری ئەوەشیان بۆ دابنرێت، بۆ مەبەستی تایبەت و بەرژەوەندی دیاریکراو نووسرابن و هەڵە و کەموکورتییان تێدابێت. مێژوونووس، یان ئەوانەی لەنێو مێژوودا کاردەکەن، گرنگە ئەم یاسایە وەک بنەما و پرەنسیپێکی زانستی و ئەخلاقی لە هەر کارێکی لێکدانەوە و شیکاری بۆ هەڵسەنگاندنی هەر ڕووداو و کەسایەتییەکی مێژوویی وەربگرن؛ ئەوەی کار لە ناو ڕووداودا دەکات مرۆڤە، ئەوەی ڕووداوی مێژووییش دەنووسێتەوە هەر مرۆڤە، ڕووداوەکانیش بۆ مرۆڤ دەنووسرێنەوە، کاری مرۆڤیش هەمیشە لەبەردەم ئەگەری ڕاستی و هەڵە و کەموکورتی دایە. ئێمە کاتێک بەشێوەیەکی سادە سەیری ڕووداوێکی مێژوویی دەکەین، دەتوانین تەنها توێکڵی دەرەوەی ڕووداوەکە ببینین، نەک ناوەڕۆک و هێزە بزوێنەر و کارتێکەرەکانی، کاتێک سەرنج لە بنەچە و ڕیشەی کەسایەتییەکی مێژووییش دەدەین و بە پاساوی زۆر نالۆژیکی و سادە دەیکەین بە شەیتان، بە پیاوی بەکرێگیراوی ئەم و ئەو، بە عەرەب، یان تورک و فارس، دیسان ئێمە لەبەردەم گرفتی مامەڵەکردن لەگەڵ میتۆد و خوێندنەوەی مێژووییداین. نە ڕووداوی مێژوویی، نە قسەکردن و هەڵسەنگاندنی کەسایەتییەکانی نێو مێژوو لە دەرەوەی ئەو هۆشیارییەوە کە مەعریفەی مێژوویی پێماندەدات، ئەنجامی دروست نادەن بەدەستەوە، هۆشیاری بە مەعریفەی مێژوویی دەمانباتەوە نێو سیاق و وردەکارییەکانی ڕووداو، ژیاننامەی کەسایەتییەکان، ژینگە و کات و ئەو فۆڕم و چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی دەسەڵاتێکی دیاریکراو لە بەرانبەر ئەویدیکەدا، یاری خۆی تێدا درێژە پێداوە.
(٢)
مێژووی دەسەڵاتی سیاسی، خاڵی نییە لە ڕەنگکردنی دەرەوەی خۆی بە ڕەنگ و مەیلی تایبەتی خۆی، بێ بەش نییە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئەوانیدی و شێواندنی مێژوو، ئەم دۆخی ساختەکارییە لە مێژوودا لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی دەوڵەتی خیلافەتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی مۆدێرن بەردەوامی هەیە. دەسەڵات لە ڕێی دامەزراوە جیاوازەکانییەوە، لە ڕێی نووسەران و مێژوونووسانییەوە، لە ڕێگەی ئەدیب و پیاوانی ئاینییەوە، لە ڕێی کاربەدەست و سیاسی و سیخوڕەکانییەوە، خەریکی جێبەجێکردنی پلان و ستراتیجی تایبەتی خۆیەتی، کە سەرجەمی دەڕژێتەوە خزمەتی بەرژەوەندی و فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەتەوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، گەلان و بوونە جیاوازەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵات، تایبەت لە ڕۆژگاری زاڵبوونی ئاسۆییانەی مانا و چەمکەکانی پیرۆزی و گوتاری فەلسەفی ئامادەیی بەردەوامی خودا لە ئاراستەکردنی سەرەتا بۆ کۆتایی مێژوو، کاریگەریییەکانی بەجۆرێک دەردەکەون، مرۆڤ لەپێناوی بەهێزبوونی پێگە، دەستکەوتی ئابووری، نزیکبوونەوە لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاردان، بەلایەوە ئاسایی بێت قوڵایی کۆمەڵایەتی وەهمی بۆ بنەچەی خۆی و بنەماڵەکەی بدۆزێتەوە، ئەوە تەنها دیاردەیەکی تایبەت بە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری نییە، بەڵکو دیاردەیەکە لەنێو بەشێکی گرنگ لە دەسەڵاتدار و میر و پاشاکاندا بوونی هەبووە، تا ئێستایش لە سنورێکی بچووکتردا بەراورد بە ڕابردوو، هەست بە بوون و ئامادەیی دەکرێت. مێژوونووسان و خوێنەرانی مێژوو، ئەگەر زۆر بە ئاگایی و مەعریفەی قوڵەوە مامەڵە لەگەڵ نووسراو و بڵاوکراوەکاندا نەکەن، بەدڵنیایی تووشی لادان و خۆبەدەستەوەدان بە زۆر زانیاری دەبن، کە گومانی زۆر لە ڕاست و دروستییان دەکرێت، چونکە هەر وەک ئاماژەمان پێدا، زۆرجار لە دەرەوەی ڕووداوەوە بڕیار لە ڕووداو دەدرێت، ئەوەش ڕێک ئەو دۆخەیە کاتێک بابەتێک لە دەرەوەی ڕووداوەوە بڕیار لە خودی ڕووداو دەدات، دروستکردنی مێژووی تازەش بە تەنها بریتی نییە لە دۆزینەوەی میکانیزم ،یان بزوێنەرەکانی ڕاڤەکردنی ڕووداوەکانی مێژوو، بەڵکو لە شرۆڤەکردنی (ناڕووداو)یش دایە، چۆن ئەوەی زۆر کەس توانای بینینی نییە، گرنگە مێژوونووس هەوڵدات بیبینێت، ئەوەی بڕێکی گەورە لە ڕووبەرەکەی لە تاریکی دایە، پێویستە بهێنرێتەوە بەردەم ڕوناکی و لێکدانەوەی تازەی بۆ بکرێت.
لەنێو ڕووداوەکاندا، مرۆڤ ئاسانتر دەتوانێت سەرنج بخاتە سەر دیوە ئاشکرا و بینراوەکانی، ئەو دیوانەی بینین و دۆزینەوەیان پێویستی بە پاشخانی مەعریفی گەورە، ماندووبوون و قوڵبوونەوەی زۆر نییە، هەر مرۆڤێکی سادەش لە ڕوانینی یەکەمدا دەتوانێت ئەم دیوە سادانە ببینێت و سەرنجیان لەبارەوە بدات، ئەوەی گرنگە بۆ مێژوونووس، یان ئەوانەی لەنێو دونیای فیکر و فەلسەفەدا کاردەکەن، سەرنجدان و قوڵبوونەوەیە لەو دیوە شاراوانەی بۆ مرۆڤی ئاسایی بینینیان کارێکی قورس و زەحمەتە، لێرەوە کاری مێژوونووس، یان ئەوانەی خولیای کارکردن لەنێو ڕووداوەکانی مێژوویان هەیە، جیادەبێتەوە لەو فۆڕمەی نووسینەوەی ڕووداو و مێژوو، سەرنجدان و لێکدانەوەیەک، کە هێزی مەعریفی دەرفەتی ئەوەی پێنادات، گێڕانەوەی ڕووداوەکانی مێژوو لە فۆڕمی حیکایەت و چیرۆکی ئاسایی دەربکات، یان لەڕێی زانیاری چەند سەرچاوەیەک و بەڵگەنامەیەکی گوماناوی، ڕێگە بەخۆی دەدات بەشێوەیەکی ساختە، نائاگایانە خودی خۆی بنووسێتەوە، ئەوە جگە لەو گەرایەی خۆبەکەمزانی لە پێکهاتی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی مرۆڤی ئێمەیدا چاندووە، کە تا ئاستی خودنەفرەتی بردووە، هیچی دی نییە.
هەندێکجار بە مانا فۆکۆییەکەی، پێویستیمان بەوە دەبێت دەق تێپەڕێنین و گۆڕەپان و مومارەسە و پێکهاتەی سیستمی گوتار لە خودی دەقەکە جیابکەینەوە، بەپێی ئەم میتۆدە دەبێت هەوڵدەین کۆی توخمە خودی و ئایدیۆلۆجییەکان کەنارگیر بکەین، بانگەشە بۆ دوورکەوتنەوە لەو میتۆدۆلۆجیایە بکەین، کە لێکۆڵینەوەی میتافیزیکی دەیسەپێنێت و هەروەها پێویستی بە نەهێشتنی فاکتەرە خودییەکان و پیرۆزکردنیان هەیە. گرنگە دەق نەمانکات بە کۆیلەی خۆی، لەنێو وشە و ڕستەکانیدا لوولمان نەدات و سنوری بچووک بۆ ئازادی، ڕوانین و بیرکردنەوەمان نەکێشێت، ڕستە و لێکدانەوەی نێو کتێب و بەڵگەنامەکان نەمانکەن بە مرۆڤی ڕۆبۆتی و پێمانوابێ ئیدی بە هەموو ڕاستییەکان گەیشتووین و زانیاری و دۆزینەوەی نوێمان پێشکەش کردووە، چونکە جگە لەوەی خودی دەقەکان و بەڵگەنامەکان کۆتا بڕیار لە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕووداو نادەن، هەمانکات لە بەرامبەر خودی ئەم دەقانەشدا دەقی تر، سەرنج و لێکدانەوەی دیکەیش هەن. بۆیە ئاساییە ئەوەی بە دەق پشتڕاست دەکرێتەوە، هەر بە دەقیش ڕەتبکرێتەوە، چونکە ڕووبەری هەڵسەنگاندنی ڕووداو، کەسایەتییە سیاسی و مێژووییەکان، زۆر لەوە گەورەترە تەنها لەڕێی خۆدانەدەست دەق و بەڵگەنامەوە، یان لێکدانەوەی تاکڕەهەندەوە لێکبدرێنەوە. کاری سیستمی گوتار لای فۆکۆ هەوڵدان بوو بۆ خوێندنەوە و بینینی ئەو دیوە شاراوانەی مێژووی نەریتی. کایەی زانستی مێژووش لە ئەمڕۆدا زۆر لەوە فراوانترە، بە ئاسانی بچێتە ژێرباری بچووکبوونەوە لەنێو ماڵی دەق و بەڵگەنامەکاندا.
سەرچاوەکان
١. میشال فوکو، حفريات
المعرفة، ت: سالم يفوت، ط٢، المركز الثقافي العربي، بيروت، ١٩٨٧.
٢. د.السید ولد أباه، التاريخ والحقيقة لدي ميشيل فوكو، ط٢،
الدار العربية للعلوم، بيروت، ٢٠٠٤.
٣.
ألبان ويد جيري، المذاهب الكبرى في التاريخ من كونفوشيوس الي توينبي، ت: ذوقاق
قرقوط، دار القلم، بيروت، بلا.
٤.
د.أحمد محمود صبحي، في فلسفة التاريخ، دار النهضة العربية، بيروت، ١٩٩٤.
٥.
محيي الدين إسماعيل، توينبي، منهج التاريخ وفلسفة التاريخ، ط٢، دار الشؤون
الثقافية، بغداد، ١٩٨٦.
تێبینی: پەراوێز و ژمارەی لاپەڕەکان لای نووسەر پارێزراون.
