شارپرێس:
ئەمڕۆ، 23ی ئابی 2026، ڕێگهی قەزای سەیدسادق چاوەڕێی هاتنی کاروانێکی دیکەی قەڵەمە ئازادەکان بوو، تا لەدوەمین ساڵیادی شەهیدبونی هەردوو ڕۆژنامەنوس (گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین)، پەیمانی وەفاداری بۆ ڕێگای حەقیقەت نوێبکەنەوە، بەڵام ئەمساڵ، یادکردنەوەکە چیرۆکێکی جیاوازی هەبوو؛ چیرۆکێک لەنێوان سوربون لەسەر وەفاو بێدەنگییەکی ناچاریی بههۆى ڕێگریى هێزه ئهمنیهكانهوه.
بڕیاروابوو کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، دەزگای چاپەمەنیی ئازاد لەشوێنی تیرۆرکردنی ئەو دوو خانمە ڕۆژنامەنوسە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازبکات، بانگهێشتنامەکان بەوشەی پڕ لەمانا داڕێژرابون بۆ نمونه، "حزوری ئێوە دەنگی حەقیقەت بەهێزتر دەکات"، ئامانجەکە تەنها یادکردنەوە نەبوو، بەڵکو نیشاندانی ئەوەبوو کە "قەڵەمی ئازاد" بەپەلاماری دڕندانە ناوەستێت.
بەڵام هێشتا مەراسیمەکە دەستی پێنەکردبوو، ڕێگرییە ئەمنییەکان بونە بەربەست لەبەردەم کۆبونەوەی هاوپیشەکانی (هێرۆو گوڵستان)، هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نەدا ئەو چالاکییە لەشوێنی ڕوداوەکە ئەنجامبدرێت، ئەمەش وایکرد، لیژنەی سەرپەرشتیار بەدڵێکی پڕ لەپۆزشو داوای لێبوردنەوە، ڕوو لەڕۆژنامەنوسانو میوانەکان بکەنو هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکە ڕابگەیەنن.
ئەم ڕێگرییە، هەرچەندە ڕێگەی نەدا مۆمێک لەشوێنی شەهیدبونیان دابگیرسێنرێت، بەڵام لەدیدی ئامادەبوانو ڕێکخەرانەوە، خۆی لەخۆیدا پەیامێکی دیکە بوو؛ پەیامێک کە دەڵێت: تەنانەت یادی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسەش هێشتا دەنگێکی ئەوەندە بەهێزە کە بێدەنگکردنی پێویستی بەهێز هەیە.
لیژنەی سەرپەرشتیار لەپەیامی داوای لێبوردنەکەیدا سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتیو دەزگایانەی کردوه کە بەدەم بانگەوازەکەیانەوە هاتبونو دوپاتیانکردەوە، ڕێگرییەکان ناتوانن کاروانی خەباتی سەربەخۆیی قەڵەمو یادەوەریی "هێرۆو گوڵستان" لەخەیاڵی ئازادیخوازاندا بسڕنەوە.
