117 لەرزە .. ئایا زەمین لەرزە گەورەکەی ئیستەمبوڵ نزیک بۆتەوە؟

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پسپۆڕانی جیۆلۆجیا پشتڕاستیان کردوەتەوە کە زنجیرەی ئەو زەمین لەرزە سوک و بچوکەی کە لەبەرامبەر دورگەکانی ئەمیران لەدەریای مەرمەرەی ئیستانبوڵ ڕویداوە، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ژمارەیان گەیشتووەتە 117 لەرزە، بەڵام هێشتا ئەوە بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین زەمین لەرزەیەکی گەورە لە ڕێگادایە.

دەریای مەرمەرە لە بەرامبەر کەناراوەکانی ئیستەمبوڵ لە نێوان18 تا 20ی ئاب117لەرزەی بەخۆە بینیوە، کە پلەکانیان لە نێوان 0,7 تا 3,1 پلەی ڕیختەر بووە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئۆکان توویسۆز، پسپۆڕی جیۆلۆجیا، ڕوونی کردەوە کە هیچ نیشانەیەکی تایبەت نییە، جگە لەوەی گسڵ/ درزەکان چالاکە. ئەو دەڵێت: ئەمە تەنها نیشانەی ئەوەیە کە گسڵەکە مردوو نییە، بەڵکوو زیندووە و توانای دروستکردنی زەمین لەرزەی هەیە. بەڵام ناتوانرێت وەک بەڵگەی نزیکبوونەوەی زەمین لەرزەیەکی گەورە لێک بدرێتەوە.

هەروەها دەڵێت: ئەم لەرزانە مانای ئەوە نییە کە گسڵەکە وزەکەی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەو لەرزانە زۆر بچووک و لاوازن. تەنها نیشانەی کۆبوونەوەی فشار لەو بەشەی گسڵەکە و ڕوودانی شکانی سووکن. بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت زەمین لەرزەیەکی گەورە ڕوودەدات یان نا.

لەلایەکی دیکەوە، پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد فاتح ئەلتان دەڵێت ئەو لەرزانەی تۆمارکراون بومەلەرزەی زۆر بچووکن و بەو قەبارەیە نین کە بتوانن ببنە هۆی زەمین لەرزەیەکی زۆر گەورە. ئەلتان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامبوونی هێزی لەرزەکان لە ژێر 3 پلەدا جێی ترس نییە، هەروەها وتی: ئەگەر هێزیان بگەیشتایە ٤ یان ٥ پلە، ئەوا پێویست بوو زیاتر وریابین، چونکە گسڵی باکوری ئەناتۆڵیا یەکێکە لە گسڵە گەورە و مەترسیدارەکانی ئێمە و پێویستە هەموو جوڵەکانی بە وردی چاودێری بکرێن. ئەم چالاکییە بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام تا کاتێک لە ژێر 3 پلەیە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ترس یان نیگەرانی لە زەمین لەرزەیەکی گەورە.

ئەلتان هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ئەم لەرزانە سروشتی تێکتۆنیکین و ناکەونە خانەی ئەوەی بە زنجیرەی زەمین لەرزەیی (Earthquake Swarm)  ناوببرێت.

ئەو دووبارە جەختی کردەوە: بە واتایەکی دیکە هیچ بەتاڵبوونەوەیەکی وزە ڕوونادات. ئەمانە لەرزەی سروشتین و هیچ پێویستییەک بە ترس نییە.