شارپرێس:
لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ
نیشاندانی هێزو توانای سەربازیی، لیوا عەلی عەبدوڵڵایی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە
چەکدارەکانی ئێران، یەکێک لەگرنگترینو نهێنیترین بنکە ژێر زەمینییەکانی بەرهەمهێنانی
موشەکو چەکە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردەوە.
ئەم سەردانە مەیدانییە
کە بەئامادەبونی عەمید ئیبنولڕەزا جێگری وەزیری بەرگریی بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی ئەرکانی
سوپا لەنزیکەوە ئاگاداری دواین پێشکەوتنەکانو قۆناغەکانی گەشەپێدانی چەکە
(دروستكراوه ئێرانیهكان) بوو، ئەم بنکە ژێر زەمینییانە کە لەمیدیاکانی ئێراندا بە(شارە
موشەکییەکان) دەناسرێن، ناوەندی سەرەکیی دروستکردنو کۆگاکردنی ئەو چەکە ستراتیژییانەن
کە ئێران وەک قەڵغانێکی بەرگرییو هێزێکی ڕێگریکار بەکاریاندەهێنێت.
لیوا عەبدوڵڵایی لەمیانی
بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی کارگەکە، جەختی لەگرنگیی بەردەوامبونی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی
چەک بەپشتبەستن بەتوانای ناوخۆییو ئەندازیارانی ئێرانی کردەوە.
ئەو سەردانە لەکاتێکدایە
کە ناوچەکە لەبارودۆخێکی هەستیاردایەو ئێران دەیەوێت لەڕێگەی نمایشکردنی ئەم بنکە
پارێزراوانەی ژێر زەمین، ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک
نیشانبدات.
بەرهەمهێنانی چەکو
موشەک لەقوڵایی زەویدا، ستراتیژییەکی کۆنی ئێرانییە بۆ پاراستنی پیشەسازییە سەربازییەکانی
لەهێرشی ئاسمانیو چاودێریی مانگە دەستکردەکان، ئەم سەردانە فەرمییەی باڵاترین پلەداری
سەربازیی وڵات، ئاماژەیەکی ڕاشکاوە بۆ ئەوەی کە تاران لەپەرەپێدانی پیشەسازیی موشەکیی
خۆی پاشەکشە ناکاتو کارگەکانی بەچڕیی خەریکی بەرهەمهێنانی نەوەی نوێی چەکە بەرگرییەکانن.
