میدیای فەرمی یەکێتیی: مانگی داهاتوو چارەنوسسازەو بڕیارو پرۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێنەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژویی‌و یاسایی تونددایە، لەکاتێکدا نزیکەی دوساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراوەو هێشتا کابینەی نوێ لەدایکنەبوە، ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق وەک "ناوبژیوانێکی توند" هاتوەتە ناو کایەکەوە تا چارەنوسی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی یەکلایی بکاتەوە، میدیاى یه‌كێتیش نوسیویه‌تى، "مانگى داهاتوو چاره‌نوسى ئه‌و حكومه‌ته‌ یه‌كلایى ده‌بێته‌وه‌".


بڕیارە لە20ی ئەیلولی داهاتوو، دادگای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەکی هەستیار کە لەلایەن (ڕێبوار ئەوڕەحمان) دژی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکراوە، ناوەڕۆکی سکاڵاکە تەنها داواکارییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو لێدانە لە"کۆڵەکەکانی شەرعییەتی" کابینەی نۆیەم.

سکاڵاکار پێیوایە لە10ی تەمموزی 2023وە، تەمەنی یاسایی ئەم حکومەتە کۆتاییهاتوەو هەر بڕیارێک لەو ڕۆژه‌ بەدواوە درابێت، "نایاسایی‌و پوچەڵە".

ئەگەر دادگای فیدراڵی بەدەم سکاڵاکەوە بچێت، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی شەپۆلێکی گەورەی هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە، کاریگەرییەکان تەنها سیاسیی نابن، بەڵکو دەچنە ناو قوڵایی ژیانی خەڵک‌و ئابورییەوە، میدیاى فه‌رمیى یه‌كێتیى ده‌ڵێت، "سەرجەم ئەو گرێبەستە ملیۆن دۆلارییانەشی لەبواری نەوت‌و گازو کارەبا لەدوای تەمموزی 2023وە واژۆکراون یان هەموارکراون، دەکەونە ژێر پرسیارو ئەگەری هەڵوەشاندنەوەیان لێدەکرێت‌و ئەمەش دەتوانێت متمانەی کۆمپانیا بیانییەکان بەهەرێم بەتەواوی ڕابماڵێت".

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئەو بڕیارانەی حکومەت کە تایبەتبون بەزیادکردنی باج، ڕسومات‌و نرخی کارەبا، ئەگەری پوچەڵکردنەوەیان هەیە، کە ئەمەش حکومەت دەخاتە ناو قەیرانێکی دارایی قوڵترەوە.

هه‌روه‌ك زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، دادگا دەتوانێت حکومەتی هەرێم ناچاربکات تەنها وەک "حکومەتی کاربەڕێکەر" ڕەفتار بکات؛ واتە تەنها ڕاپەڕاندنی کارە ڕۆژانەکان‌و دابینکردنی بژێویی، نەک واژۆکردنی هیچ ڕێککەوتنێک کە بارگرانی بۆ کابینەکانی داهاتوو دروستبکات.

میدیای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەئاشکرا ئاماژە بەوەدەکات، ئامانجی کۆتایی ئەم جوڵە یاساییە ئەوەیە کە "دەسەڵاتەکانی هەرێم ناچاربکرێن تەنها ئەوکارانە بکەن کە دواناخرێن"، ئەمەش پەیامێکی ڕونى یه‌كێتییه‌ بۆ پارتی کە "سەردەمی بڕیارە تاکلایەنە ستراتیژییەکان لەژێر چەتری کابینەی ماوەبەسەرچودا بەرەو کۆتایی دەچێت".

مانگی داهاتوو بۆ مەسرور بارزانی‌و کابینەکەی، مانگی "مان‌و نەمان"ی یاساییە، ئەگەر دادگای فیدراڵی تەمەنی کابینەی نۆیەم بە"بەسەرچوو" هەژماربکات، ئەوا هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا حکومەت دەسەڵاتە ستراتیژییەکانی لێدەسەندرێتەوەو تەنها دەبێتە چاودێرێکی کارگێڕیی تائەوکاتەی پەرلەمانی نوێ شەرعییەت بەکابینەی دەیەم دەبەخشێت، هەموو چاوەکان لەسەر بەغدان؛ ئایا دادگا "بزمارێکی دیکە" لەشەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەدات، یان دەرچەیەک بۆ مانەوەیان دەهێڵێتەوە؟.