شارپرێس:
لەکاتێکدا ئاسمانی سوریا هێشتا بەدوکەڵی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل سورە، هەواڵی دیدارێکی نهێنیو ئاستبەرز لەنێوان سەرۆکی مۆسادو وەزیری دەرەوەی سوریا وەک بومەلەرزەیەکی سیاسیی جیهانی هەژاند، ئەم کۆبونەوە چاوەڕواننەکراوە کە لەپشت پەردە تەمومژاوییەکانی جەنگەوە ئەنجامدراوە، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە دوژمنە مێژوییەکان لەلێواری تەقینەوەیەکی گەورەدا، پەنایان بۆ زمانێکی نوێی گفتوگۆ بردوە تا ڕێڕەوی جەنگو ئاشتی لەناوچەکەدا سەرلەنوێ دابڕێژنەوە.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشكرایكردوه، کۆبونەوەیەک لەنێوان وەزیری دەرەوەی سوریاو سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردولا بەڕێوەچوه.
ماڵپەڕه ئهمریكیهكه لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردوهتهوه، کۆبونەوەکه لەنێوان ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاو ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی ئەنجامدراوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆبونەوەکە وەک هەوڵێک بوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردولا.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرەڕای ئەو لێدوانانەی کە شەیبانی بۆ "ڕۆیتەرز" دابویو تێیدا ئاماژەی بەپچڕانی پەیوەندییەکان کردبوو دوای ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل کە بنکەی ئاسمانی (ئەبو زوھور)ی سوریای کردە ئامانجو ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکان دوای جەنگ دژی ئێران ڕاگیراون.
ناوبراو هیوایخواست کە دانوستانەکان بەمزوانە دەستپێبکەنەوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئەمنی کە ببێتە هۆی کشانەوەی داگیرکەر لەخاکەکانی سوریا.
هەروەها جەختی لەبێمتمانەیی وڵاتەکەی بەئیسرائیل کردەوە، چونکە لایەنێکە هەمیشە هەڕەشە لەئاسایشی سوریا دەکاتو جەختیکردەوە، ئەولەویەتی دیمەشق ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانە بەر لەهەر شتێک، تەنانەت پێش ڕێککەوتنی ئەمنیش، پەیوەندیکردنیش "ئەگەر ئەنجامی نەبێت، ئەوا بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت".
ئهمهش لهكاتێكدایه، ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەههشت هێرشی ئاسمانی، ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوھوری لەگوندەواری ڕۆژهەڵاتی ئدلب کردە ئامانج، لهو ڕوهشهوه ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستویهتیهوه، پەیوەندییەکی سوری-ئیسرائیلی لە 14ی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە، واتە بەر لەهێرشکردنەسەر فڕۆکەخانە سورییەکە.
لەوردەکارییەکەیدا هاتوە، ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ئەنجامداوەو تێیدا باسیان لەبڵاوەپێکردنی سەربازیی تورکیا لەسوریا کردوە.
