ئەگەری گواستنەوەی زەهایمەر لە ڕێگەی خوێنەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت

هەمەڕەنگ

58 خولەک پێش ئێستا‌ 94 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەكاتێكدا نەخۆشیی زەهایمەر هەمیشە وەك حاڵەتێك سەیر كراوە كە لە ئەنجامی كۆمەڵێك هۆكاری بەستراوە بە تەمەن، بۆماوەیی و شێوازی ژیانەوە سەرهەڵدەدات، بەڵام زاناكان لە ئێستادا گومان لەوە دەكەن كە ئەمە تەنیا ڕێگەی دروستبوونی نەخۆشییەكە نەبێت.

 لە توێژینەوەیەكی نوێدا كە لە گۆڤاری The Lancet بڵاوكراوەتەوە، تیمی توێژەران بە بەڵگە كۆن و نوێكاندا چوونەوە سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی پرۆتینەكانی «بیتا-ئەمینۆلۆید» لە ڕێگەی گواستنەوەی خوێن و ئامێرە پزیشكییەكانەوە.

دكتۆر جون كۆلینگ، پزیشكی پسپۆڕی مێشك و دەمار لە زانكۆی كۆلێژی لەندەن ئاماژە بەوە دەكات كە گواستنەوەی خوێن كرداری بەخشینی ژیانە، بەڵام بۆ دەستەبەركردنی بەرزترین ئاستی سەلامەتیی، پێویستە بە وردی لە هەر مەترسییەكی ئەگەری بكۆڵدرێتەوە.

 ڕەگی ئەم نیگەرانییانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 كاتێك یەكەم بەڵگەی مەیدانیی خستەڕوو كە نەخۆشییە ئەمینۆلۆیدییەكان دەكرێت لە ڕێگەی كرداری پزیشكییەوە بگوازرێنەوە، دواتریش لە ساڵانی 2016 و 2018 بەڵگەی زیاتر خرانەڕوو لەسەر ئەگەری گواستنەوەی ئەم پرۆتینانە لە ڕێگەی ئامێری نەشتەرگەریی پیسبووەوە.

خاڵی وەرچەرخانی سەرەكیی لە ساڵی 2023دا بوو، كاتێك توێژینەوەیەكی دانیشتووان لە دانیمارك و سوید بە بەشداری زیاتر لە 1 ملیۆن كەس دەریخست ئەوانەی خوێنیان لە بەخشەرێك وەرگرتووە كە دواتر تووشی خوێنبەربوونی مێشك بووە، ئەگەری تووشبوونیان بە خوێنبەربوونی دووبارەی مێشك زیاتر بووە. 

زاناكان بەپێویستی دەزانن ڕێكاری پێشوەختە بگرنەبەر وەك پشكنینی بەخشەرانی خوێن بە نیشاندەرە بایۆلۆجییەكان. هەروەها ئاماژە بە سكانداڵێكی خوێنی پیسبووی بەریتانیا دەكەن لە نێوان ساڵانی 1970 تا 1990 كە زیاتر لە 30000 كەسی گرتەوە، وەك هۆشدارییەك كە نابێت بۆ پاراستنی سەلامەتی نەخۆش چاوەڕێی دڵنیایی تەواوەتی بكرێت، بەڵكو دەبێت بە خێرایی لێكۆڵینەوە و ڕێكاری پاراستن پەیڕەو بكرێت.
ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی