ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی هۆکاری ڕاگرتنی هاوکارییەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە ئاشکرادەکات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، لەڕاپۆرتێکدا هۆکاری ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە ئاشکراکردوە.

 

ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوە ئاگادارەکان لەناو ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرایکردوە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ شکستی حکومەتی هەرێم لەبەجێهێنانی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ساڵی 2016 کە بریتیبوو لەیەکخستنەوەی سەرجەم یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگەو هەڵوەشاندنەوەی پاشکۆیەتیی حزبییان لەنێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمدا بۆ ژێر چەتری وەزارەت‌و فەرماندەییەکی فەرمی بەڕێوەبردن.

ئەوەش هاتوە، "بەگوێرەی دەقی ڕێککەوتننامەکەی ساڵی 2016، پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی بەو مەرجە جێبەجێکرابوو کە پێشمەرگە بەتەواوی ڕێکبخرێتەوە، بەڵام به‌گوێره‌ى وتەی سەرچاوە ئەمریکییەکان ئەم پرۆسەیە سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە".

لەبەرامبەردا، بەرپرسانی کورد لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی «زە ناشیناڵ نیوز» جەختیان لەوەکردوه‌تەوە، نوێنەکردنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەهیچ جۆرێک به‌واتاى کۆتاییهاتنی هاوکاریی‌و هەماهەنگییە سەربازیی‌و ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی ئەمریکا نایەت.