ڕێکخراوی ئەندازیاران زەنگی مەترسی لێدەدات‌و ده‌ڵێت: 26 ساڵە بڕیاری ئەندازیاران قۆرخکراوەو پڕۆسەی دیموکراسی پەکخراوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبەیاننامەیەکی توندو هۆشداریدەردا، ڕێکخراوی ئەندازیارانی کوردستان نیگەرانییەکی قووڵی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستای کاری پیشەیی‌و پەککەوتنی پڕۆسەی دیموکراسی لەناو سەندیکای ئەندازیاران ڕاگەیاند، ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، دوای تێپەڕبونی زیاتر لەچارەکە سەدەیەک (26 ساڵ) بەسەر نەبەستنی کۆنگرەدا، ئەوەی ئێستا لەهەولێر دەگوزەرێت، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو "پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما دیموکراسییەکانە".


ڕێکخراوی ئەندازیاران بەڕاشکاوی پەنجە دەخاتەسەر برینەکان‌و ڕایدەگەیەنێت، "بەحزبیكردن‌و قۆرخکردنی بڕیاری سەندیکایی، پێگەو متمانەی ئەندازیارانی خستوەتە ژێر هەڕەشەیەکی جدییەوە"، جەختیشدەکەنەوە، دەبێت دەستێوەردانی سیاسیی لەچارەنوسی پیشەیی ئەندازیاران کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە ئەم دەستێوەردانە بوەتە بەربەست لەبەردەم دادپەروەریی‌و خزمەتگوزارییە ڕاستەقینەکان.

لەبەشێکی دیكه‌ى هەواڵەکەدا هاتوە، پەکخستنی ماوەی یاسایی کۆنگرە بۆ ماوەی 26 ساڵ، تەنها هەڵەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو "میکانیزمێکی نادادپەروەرانەیە بۆ بەلاڕێدابردنی دەنگی ڕاستەقینەی ئەندازیاران‌و بەرهەمهێنانی قەیرانی بەردەوام"، ڕێکخراوەکە پێیوایە، ئەم دۆخە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە "بەرتەسکەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانە" نەک خزمەتی توێژی ئەندازیاران.

ڕێکخراوەکە ئاشکرایدەکات، سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانیان لەڕابردودا بۆ دروستکردنی سەندیکایەکی سەرتاسەریی‌و سەربەخۆ، بەڵام "کوتلەکاریی‌و دەستێوەردانی سیاسیی" هەموو هەوڵەکانی پەکخستوە، ده‌شڵێت، "ئێستاش جارێکی دیكه‌ زەنگی مەترسی دوبەرەکی لەباشوری کوردستان لێدەدرێتەوە کە ئەمەش مەترسییە بۆسەر یەکگرتویی ڕیزەکانی ئەندازیاران".

هه‌ر له‌بەیاننامەکەدا، ڕێکخراوی ئەندازیارانی کوردستان داوا لەسەرجەم ئەندازیارانی دڵسۆز، ڕێکخراوەکان‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە چیتر لەئاست ئەم نادادپەروەرییە بێدەنگ نەبن، داوادەکەن بگەڕێنەوە بۆ شەفافیەت‌و هەڵوێستی جدی وەربگرن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ڕەوشە چەقبەستوە، تاوەکو ئەندازیاران ببنە خاوەنی ماڵ‌و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان.

ده‌شڵێن، "ئەوەی لەهەولێر دەگوزەرێت، ململانێیەکی توندی پیشەیی‌و سیاسییە"، واته‌ لایەنێکیان (کە لقی هەولێری سەندیکایە) دەیەوێت کۆنگرە ببەستێت‌و شەرعییەت بۆ خۆی وەربگرێتەوەو لایەنەکەی دیكه‌ (ڕِێکخراوەکانی دیكه‌) دەڵێن، "ئەم کۆنگرەیە تەعینکردنی حزبییە نەک هەڵبژاردنی پیشەیی‌و تەنها بۆ ئەوەیە حزب دەستبەسەر بڕیاری ئەندازیاراندا بگرێت".