ئیسرائیلیه‌كان هێرشیانکردەسەر تیمی كه‌ناڵێكی ئەمریکی‌و پەیامنێرێکیان بریندارکرد

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، نیشتەجێبوە توندڕەوەکان هێرشیانکردوەتەسەر ئەندامانی تیمێکی تەلەفزیۆنی ئەمریکی‌و خێزانێکی فەڵەستینی لەگوندی (جالود) لەباشوری نابلس لەکەناری ڕۆژئاوا، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانیش، ژن‌و پیاوێک بریندارن.


ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی (وەفا) ئاماژەی بەوەکردوە، نیشتەجێبوەکان شوشەی پێشەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەیان شکاندوە کە تیمی کەناڵی (ئێن بی سی نیوز ـ NBC News)ی ئەمریکی تێدابوە، ئەمەش لەکاتێکدا بوە کە تیمەکە هاوڕێیەتی خێزانەکەیان دەکرد بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەو ماڵەی کە پێشتر ناچارکرابون چۆڵی بکەن.

مات برادلی پەیامنێری نێودەوڵەتی کەناڵه‌كه‌ ڕایگەیاندوه‌، هێرشبەرەکان لەئۆتۆمبێلێکەوه‌ بۆیان دابه‌زیون‌و بەلێدان هێرشیانکردوەتە سەریان‌و دواتر گەڕاونەتەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان.

ئاماژەی بەوەشکردوه‌، دوجار لەقۆڵی دراوەو دواتر لەنۆرینگەیەکی نزیک لەو ناوچەیە لەکەناری ڕۆژئاوا چارەسەری پزیشکی بۆ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هاتوه‌ته‌ ده‌نگ‌و ده‌ڵێت، "هێزە ئەمنییەکان لەگوندی جالود بڵاوەیان پێکراوە بۆ ڕێگریی لەهەر ئاژاوەیەکی زیاترو گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ دۆخی ئاسایی، بەتوندترین شێوەش سەرکۆنەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەکەین".

نیشتەجێبوە توندڕەوەکان ئاماژەیە بۆ ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەی کە لەو کۆمەڵگە نیشتەجێبونانەدا دەژین کە ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستینییەکان (بەتایبەت لەکەناری ڕۆژئاواو قودسی ڕۆژهەڵات) دروستیکردون‌و خاوەنی بیروباوەڕی توندن، ئه‌وكه‌سانه‌ لەو ناوچانەدا دەژین کە لەدوای جەنگی ساڵی 1967 لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئەم نیشتەجێبونانە بەنایاسایی دەزانن.

زۆربەی نیشتەجێبوە توندڕەوەکان لەسەر بنەمای ئایینی یان نەتەوەیی توندڕەو دەجوڵێنەوە، ئەوان پێیانوایە، هەموو خاکی فەڵەستین (کە پێی دەڵێن (یەهوداو سامیرە) مافی مێژویی‌و ئایینیی جولەکەیەو نابێت فەڵەستینییەکان لەوێ بمێننەوە.

چاودێرانیش پێیانوایه‌، وشەی (توندڕەو) بۆ ئەو گروپانە بەکاردێت کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو هێرشدەکەنەسەر گوندنشینە فەڵەستینییەکان‌و زەوییەکانیان دەسوتێنن‌و دار زەیتونەکانیان دەبڕنەوە، یان هێرشدەکەنەسەر تیمە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی ڕێگریی لەگواستنەوەی ڕاستییەکان بکەن.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هەندێک لەو توندڕەوانە بەناوی وەک (شەبیبەی تێلال ـ لاوانی گردەکان) یان گروپەکانی (باجی نرخ) دەناسرێن کە بڕوایان بەوە هەیە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی حکومەت یان فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ چۆڵکردنی نیشتەجێبونەکان، دەبێت باجەکەی لەفەڵەستینییەکان وەربگیرێتەوە، لەئێستادا بەشێک لەسەرکردە سیاسییەکانی ئیسرائیل (وەک بن غەفیرو سمۆتریچ) خۆیان نوێنەرایەتی ئەم توندڕەوانە دەکەن لەناو حکومەتدا، ئەمەش وایکردوە نیشتەجێبوەکان هەست بەپارێزبەندییەکی زیاتر بکەن لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکانیاندا.