شارپرێس:
بەهۆی گوشارەکانی ئیسرائیلو زیادبونی مەترسییەکانی ڕوخانی نەخشەڕێگهی غەززە، وڵاتانی نێوەندگیر (قەتەر، تورکیاو میسر) پەیامێکیان ڕادەستی ئەنجومەنی ئاشتیی غەززە کردوە کە تێیدا هاتوه، بەرزکردنەوەی فڕۆکەی کاغەزی لەغەززەوە بۆ ناو خاکەکانی ئیسرائیل ڕادەگیرێت.
هەروەک، لەگەڵ هەڵکشانی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە لەدوو هەفتەی ڕابردودا، سەرچاوەیەک لەئەنجومەنی ئاشتییەوە بەکەناڵی i24NEWSی ڕاگەیاندوە، بەبێ چونە ناو بەرنامەی چەکداماڵینی خۆبەخشانە، ئاڵۆزییەکان پەرەدەستێننو ڕەنگە جەنگەکە بەبێ لەناوبردنی تهواوهتی حەماس کۆتایی پێبێت، بەڵام زیانی نێودەوڵەتی زۆرتر بەئیسرائیل دەگەیەنێت.
ئەوەش هاتوە، "لەدانوستانە نھێنییەکاندا بەرپرسانی ئەنجومەنەکە هۆشدارییانداوەتە ئیسرائیل کە دەرفەتی کەم لەگەڵ پشتیوانترین ئیدارەی ئەمریکادا ماوەو سەرۆکو کۆنگرێسی داهاتوو هاوسۆز نابن، بۆیە دەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە".
ئەم بەڵێنەی لایەنە نێوەندگیرەکان دوای ئەوەهات، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ئیسرائیلی سەبارەت بەهەڵدانەکان ڕاگەیاندو هۆشداریدا کە هەر هەڵدانی باڵۆنێک یان فڕۆکەیەکی کاغەزیی وەڵامی توندی بەدواوە دەبێت، تا ئاستی چۆڵکردنی ناوچەکانی هەڵدان.
سەرچاوەکانی غەززە ئاماژە بەوەدەکەن، لەژێر ئەم گوشارانەدا، ئەندامانی حەماس چونەتە قوتابخانەو ناوەندەکانی ئاوارەکان بۆ ڕاگرتنی بەتەواوەتیی ئەم هەڵدانانە.
