لە پشت پەردەی پەیوەندییەکان؛ ئیسرائیل كەناڵی گفتوگۆی لەگەڵ شەرع هەیە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی  کەناڵی i24NEWSی کە پشتی بە سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیلی بەستووە، ئاشکرایکردوە کە تەلئەبیب کەناڵی پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمی سوریادا هەیە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، "بەشداری دیالۆگەکەیە"، هەروەک سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە هەوڵێکی پێشوو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەنێوان هەردوو لادا سەرکەوتوو نەبوە.

ئەو سەرچاوەیە وتویەتی: "شەرع لایەنێکە بۆ دیالۆگ، ئێمە کەناڵی پەیوەندییمان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا هەیە، بەڵام پرسیارەکە لەسەر ناوەڕۆکی دیالۆگەکەیە." هەروەها باسی لەوەکردووە کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دیالۆگێک کرا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، لەو کاتەوەی کە بەشێک لە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە لابراون، پاڵنەرەکانی سووریا بۆ چوونە پێشەوە بەرەو ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە کەمی کردووە. جەختیشی کردۆتەوە کە ئیسرائیل ئامادە نەبووە لە ناوچەی دابڕێنەر بكشێتەوە، بەوپێیەی پێیان وا نەبووە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیدا پێویست بێت بکشێینەوە لە ناوچەیەکی دابڕێنەر کە بە سەرمایەیەکی ئەمنی دادەنرێت.

هەروەک وتویەتی: سەرەڕای شکستی ڕێککەوتنەکە، پەیوەندیی نێوان هەردوو لا بەردەوامە و لە ئاستی جیاوازدا دیالۆگ هەیە.  سەبارەت بە چالاکییەکانی تورکیا لە سووریا، سەرچاوەکە ئاماژەی بە دروستکردنی بنکەی تورکی لە باشووری هێڵە ئامادەبووەکان کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە و بەپێی ئەوە کار دەکەن.

 لە کۆتاییدا سەبارەت بە سەرۆکی سوریا سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئیسرائیل بەپێی مێژووەکەی و زانیارییە هەواڵگرییەکان و ئەو بنکە سیاسییەی پشتگیریی دەکات هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، کە کەسانێکن لایەنگری دیدگایەک نین کە مەرج بێت ڕۆشنبیر و میانڕەو بێت.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی