فڵچەیەکی ددان بە کامێرا و ژیریی دەستکردەوە دروستدەکرێت

هەمەڕەنگ

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای "دايسۆن"ی بەریتانی فڵچەیەکی ددانی کارەبایی نوێی خستەڕوو کە کامێرایەکی تێدا جێگیر کراوە و پشتی بە ژیریی دەستکرد بەستووە. ئەم تەکنەلۆجیایە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات لە ڕێگەی پەیوەندیی "وای فای"یەوە ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی ناو دەمی خۆی ببینێت.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، ئەم داهێنانە تەنیا زیادکردنێکی تەکنەلۆجی بێسوود نییە، بەڵکو فڵچەکە کامێرایەکی 100000 پیکسڵی تێدایە بۆ پشکنینی بۆشاییەکانی نێوان ددانەکان.

پاشان داتاکانی کامێراکە ڕەوانەی سیستەمێکی ژیریی دەستکرد دەکرێن تا بە شێوەیەکی دەستبەجێ کارکردنی فڵچەکە ڕێکبخات و ئاراستەی تەوژمی ئاوەکە بەپێی پێویستی لە کاتی پاککردنەوەدا دیاری بکات.

پەرەپێدانی ئەم بەرهەمە ماوەی 6 ساڵ توێژینەوە و ئەندازیاری خایاندووە و 661 ئەندازیار تێیدا بەشدار بوون، هەروەها ئەم پڕۆژەیە بە 38 بڕوانامەی داهێنان پارێزراوە.

سەرەڕای ئەوەی پاککردنەوەی نێوان ددانەکان هەنگاوێکی گرنگە و زۆر کەس پشتی گوێی دەخەن، بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێیانوایە قورسە بڕوا بەوە بپێنرێت فڵچەیەک کە نرخەکەی 479 یۆرۆی بێت ببێتە چارەسەری گونجاو.

تەنانەت هەندێک لە بەکارهێنەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەکارهێنانی دەزووی ددان هێشتا بە هەمان کاریگەری و بە تێچوویەکی زۆر کەمتر ئەو ئەركە ڕادەپەڕێنێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی