ئێران هۆشداری دەدات: ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر دەبات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە بەرزاییەکانی "عەلی تاهیر" لە باشوری لوبنان بەردەوامی پێدەدات و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەیەکی ستراتیژیی ژێر زەوی کە پەیوەستە بە حزبوڵڵاوە ڕاگەیاند.

ئەم جوڵەیەی تەلئەبیب لە کاتێکدایە کە هۆشداریی توند لەلایەن ئێرانەوە دراوە و تاران لە ڕێگەی عومانەوە پەیامێکی ئاراستەی واشنتۆن کردوە و تێیدا جەختی کردۆتەوە کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەرزاییە دەستبەجێ بەزاندنی "هێڵی سور"ە و وەڵامدانەوەی سەربازیی بەربڵاوی بەدوادادێت.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە ناو تۆڕی ئەشکەوت و تونێلەکانی ژێر گردەکەدا نزیکەی 70 تا 100 چەکداری حزبوڵڵا بە هاوکاریی ڕاوێژکارانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران گەمارۆدراون.

 سەرچاوە هەرێمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەلایەنی کەمەوە 10 ئەندامی سوپای پاسداران کە دوو ئەفسەری باڵایان تێدایە لە ناوچەکەدان.

 سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی بۆسە و هێرشی ئاسمانیی و درۆنەوە، دەستی بەسەر دەروازەکانی تونێلەکاندا گرتووە و ڕێگری لە گەیاندنی ئاو و خۆراک کردووە، ئەمەش بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە چەکدارە گەمارۆدراوەکان.

بەرزاییەکانی عەلی ئەلتاهیر نزیکەی 15 کیلومەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە و بنکەیەکی فەرماندەیی، کۆگای چەک و ژووری گوزەرانی لەخۆگرتبوو کە توانای مانەوەی درێژخایەنی بە چەکداران دەدا.

هەروەها ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئیسرائیل پێشتر ژێر فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هێرشەکەی دواخستبوو، بەڵام ئێستا خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕێکی گشتگیر ئامادە دەکات، بەتایبەت لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە بەرەو کاڵبوونەوە دەچن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی