شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی بێپێشینەدا، ئێران داخستنی تەواوەتی
گەروی هورمزو تاقیکردنەوەی موشەکێکی نوێی "دژە تێکشکێنەر" ڕادەگەیەنێت،
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئاشکرایدەکات، هێزەکانیان بنکە
ئەمریکییەکانیان لەئوردن بۆردومانکردوەو واشنتۆنیان ناچار بەپاشەکشە لەپلانی جەنگ
کردوە.
موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای
ئاسایشی نیشتمانی ئێران جهختیكردهوه، گەروی هورمز بەتەواوی داخراوە.
موحسین ڕەزایی لەلێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی
وڵاتهكهى ڕایگەیاند، "گەروی هورمز بەتەواوی داخراوە، ئێمه جارێکی دیکە لێدوانەکانی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەکراوەیی گەروەکە ڕەتدهكهینهوهو بەدرۆیەکی
گەورەى ناوى دهبهین".
ڕەزایی ڕونیکردوهتهوه، پێش داخستنی گەروەکە،
ڕۆژانە زیاتر لە 100 کەشتی کە نزیکەی 100 ملیۆن تۆن کاڵایان هەڵگرتبوو تێدەپەڕین،
بەڵام ئێستا تەنها حهوت بۆ ههشت کەشتی بەلایەنی زۆرەوە تێدەپەڕن کە ئەوانیش سەر
بەکاڵا سەرەکییەکانی ئێرانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ تێپەڕاندنی
پێنج بۆ شهش کەشتی لەڕێگەی قاچاخو خەرجکردنی پارەیەکی زۆرەوە، زۆربەی جار به بەئامانجگرتنی
ئەو کەشتیانە کۆتایی دێت.
باسی لەوەشکرد، ئێران بڕیاری نوقمکردنی ئەو
کەشتییە ئەمریکیانەی نەداوە کە بەنهێنی تێدەپەڕن، ئەوەش لەپێناو دورکەوتنەوە لەزیانە
ژینگەییەکان کە لەبارە نەوتییەکانەوە دروستدەبێت.
ڕەزایی ئاشکرایکرد، "لەڕۆژانی داهاتودا
ناوچەیەکی قەدەغەکراو لەدەرەوەی گەروی هورمز ڕادەگەیەنرێت، کە لەهێڵی گەمارۆی هێزە
دەریاییەکانی ئەمریکاوە دەستپێدەکاتو ناوچەکانی کەنداو دەگرێتەوە، ئێران هەر کەشتییەک
بچێتە ناو ئەم ناوچەیە، دەیخاتە لیستی سزاکانییەوە".
ئهوهشى وت، "کاریگەریی سزاکانی ئێران
لەگەروەکەدا گەورەتر دەبێت لەکاریگەریی موشەکەکان، تاران تەنها کاتێک گەروەکە بەکراوەیی
دەهێڵێتەوە کە ئەمریکا دەست لەهەڕەشەو هێرشەکانی هەڵبگرێت".
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
ئێران ئاشکراشیکرد، "48 کاتژمێر لەمەوبەر بۆ یەکەمجار موشەکێکی ئێرانی دژە تێکشکێنەر
لەسەر کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی تاقیکراوەتەوە، ئەم موشەکە نوێیە جەهەنەمی بۆ ئەمریکییەکان
دروستکردو هەڵاتن".
لەسەر ئاستی ڕوبەڕوبونەوە مەیدانییەکان، ڕەزایی
ڕایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی ئێران بەتوندی بنکەی "تیتین"ی ئەمریکییان
لەئوردن بۆردومانکردوە، ئێران چەندین ئامانجی ئەمریکی دەستنیشانکردبوو لەسەرەتادا
بەئەنقەست نەیپێکان، وەک بنکەی تیتینو هەندێک بنکە لەهەولێر، بەڵام دوای ئەوەی
دواتر ئەو شوێنانە کرانە ئامانج، ترەمپ لەو جەنگە 10 ڕۆژەی ڕایگەیاندبوو، پاشەکشەیکردو
پلانەکەی لەبێشکەدا لەناوبرا".
لەسەر ئاستی ئابورییو ناوخۆیی-ش، ڕەزایی ئەو
هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەدروستبونی قاتوقڕی لەئێران دەکەنو وتی، "قسەکردن
لەسەرئەوەی گەمارۆی ئابوری ئەمریکا بوەتە هۆی برسییەتی لەئێران، درۆیەکی گەورەیە،
حکومەت چاوەڕوانی ئەم دۆخەی کردوەو کۆگای پێویستی خۆراکو کاڵای هەیە، هەروەها بەردەوامە
لەفرۆشتنی نەوتو وەرگرتنەوەی پارەکەی".
سەبارەت بەپرۆسەی دانوستان، ڕەزایی جەختیکردەوە،
"دەبێت ئەمریکییەکان متمانەی ئێران بەدەستبهێنن بۆ بەردەوامبون لەدانوستانەکان،
کێشە گەورەکە لەپرسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا پەیوەندیی بەمتمانەکردن بەگەرەنتی
نێوەندگیرەکانەوە هەبوە، ئێران بەمەرجی هەبونی گەرەنتی ڕاستەقینە بەردەوامدەبێت لەڕێڕەوی
دیپلۆماسی".
هەینی ڕابردوش، عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا وتەبێژی
سوپای ئێران دوپاتیکردەوە، ئەو کێشانەی سوپای ئەمریکا لەناوچەکەدا ڕوبەڕوی دەبێتەوە،
دەرەنجامی هەڵەی بەرپرسەکانیانە لەدەستدرێژیکردنەسەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئهوهشى
وت، "چارەسەری گونجاو بۆ ئەمریکا قبوڵکردنی ڕاستییەکانو کشانەوەیە لەناوچەکە".
