"لادا"ی ڕوسیی ئۆتۆمبێلێکی پێشکەوتوو دەخاتە بازاڕەوە

هەمەڕەنگ

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 649 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپەراوێزی کۆڕبەندی ئابوریی ڕۆژهەڵات 2026 لەڤلادیڤۆستۆک، سێرگی گرۆماک، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای "ئۆتۆڤاز"ی ڕووسی ڕایگەیاند کە کرۆس ئۆڤەری نوێی Lada Azimut گەشەپێدانێکی تەواو ڕووسییە، لە دیزاینەوە تا دەگاتە پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکەی.

 
ئەم ئۆتۆمبێلە کە لەسەر سەکۆی دەستکاریكراوی Lada Vesta دروست کراوە و 996 پارچەی نوێی بۆ گەشەپێدراوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی تێدایە کە بۆ یەکەمجارە لە ئۆتۆمبێلی ڕووسیدا بەکاردێن؛ وەک کورسیی گەرمکراو، دەرگای سندوقی دواوەی کارەبایی، سەقفی پانۆراما، و سیستمێکی بێوێنە لە جیهاندا بۆ گەرمکردنی شووشەی پێشەوە و تەنیشتەکان. هەروەها خاوەنی شاشەی دیجیتاڵیی 10.25 ئینج و سیستمە پیشکەوتووەکانی سەلامەتییە وەک ABS و ESC و کامێرای دەوروبەر.

لە ڕووی تواناوە، ئۆتۆمبێلەکە دوو بژارەی بزوێنەری دەبێت:
بزوێنەری 1.6 لیتر بە توانای 120 ئەسپ و گێڕبۆکسی دەستیی 6 خێرایی.
بزوێنەری 1.8 لیتر بە توانای 132 ئەسپ و گێڕبۆکسی ئۆتۆماتیکیی گۆڕاو (CVT)، بە سیستمی ڕاکێشانی پێشەوە.
بڕیارە بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی Lada Azimut لەم مانگی ئەیلوولەدا دەست پێبکات و لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا بخرێتە بازاڕەوە. 
نرخی پێشبینیکراو بۆ جۆری بنەڕەتیی لە 27  هەزار دەست پێدەکات و لە جۆرە پێشکەوتووەکاندا دەگاتە نزیکەی 33  هەزار دۆلار.
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە لە کاتێکدایە کە ئۆتۆڤاز لە 20ی تەممووزدا یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی کردەوە، کە تێیدا زیاتر لە 32 ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێناوە.