شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی، داڕمانی خێرای هێزەکانی حکومەتی یەمەنو هەڵاتنی سەربازان لەگۆڕەپانەکانی جەنگو کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکان لەلایەن حوسییەکانەوە، عەرەبستانی سعودییەی ڕوبەڕوی یەکێک لەقورسترین قەیرانەکانی کردوهتەوە.
ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێت، "شکستو هەڵاتنی ئەم هێزانە زەبرێکی گەورەی لەهەوڵەکانی ڕیاز داوە، لەشەڕەکاندا، هەندێک لەسەربازانی سوپای یەمەن بۆ ڕزگاربونیان چەکەکانیان لەبیابانەکاندا دهشارنهوهو بەشێکی دیکەیان ئامێرە سەربازییەکانیان لەبازاڕە ناوخۆییەکاندا فرۆشتوە تا بتوانن وەک ئاوارەی مەدەنیی بەرەو باشورو پارێزگاکانی عەدەنو تەعز ڕابکەن".
ئەوەش هاتوە، "حوسییەکان بەبەکارهێنانی موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکی بروسكە ئاسایان ئەنجامداوە، ئەمەش بوهتە هۆی بەهێزبونی پێگەیان لەسەر ڕێڕەوە ئاوییە جیهانییەکانو بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکاندا، ئەم پاشەکشەیەی هێزەکانی حکومەت لەکاتێکدایە کە پێشتر مەزەندە دەکرا سعودییە ڕاهێنانی بەنزیکەی 400 ههزار چەکداری یەمەنی کردبێت، بەڵام نەبونی هەماهەنگی، لاوازی سیستەمی پەیوەندییەکانو نەبونی زانیاریی هەواڵگریی بوە هۆی داڕمانی خێرایان".
هەروەک دەڵێت، "شارەزایانی سیاسییو سەربازیی هۆشداریدەدەن کە حوسییەکان جڵەوی جەنگەکەیان بەدەستەوەیەو بەرەو بەهێزبونی زیاتر دەڕۆن، ڕیاز لەبەردەم بژاردەی ئاڵۆزدایە؛ لەلایەک هەوڵە سیاسییەکان تێچویەکی زۆریان دەوێت، چونکە حوسییەکان لەپێگەی هێزەوە دانوستان دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردوهتەوە بەشداریی لەچالاكییە سەربازییەکاندا بكات".
لەکۆتاییدا دەڵێت، "ئەم شەڕە بەردەوامە قەیرانێکی مرۆیی قوڵی دروستکردوە، بهگوێرهى ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەسەرەتای ئەم مانگەوە لانیکەم 125 ههزار کەسی دیکە ئاوارەبون، بەمەش کۆی گشتیی ئاوارەکانی ناوخۆی یەمەن گەیاندوهتە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لەکۆی 42 ملیۆن دانیشتوو، کە نیوەیان ڕوبەڕوی کەمیی توندی خۆراک بونەتەوە".
