مەسعود بارزانی باسی مەترسییەکی دوای کشانەوەی ئەمریکا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود بارزانی لەچاوپێکەوتنێکدا باسی مەترسییەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت،"  ترسم لەوە هەیە جارێکی دیکە داعش بگەڕێتەوە ".


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الشرقية" ئاماژەی بەوەکردوە،" هیوادارم پرسی رادەستکردنی چەکی گروپەکان نەگاتە ئاستی شەڕ و پێکدادان، چونکە ئەوە نە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە، نە هەرێم و نە هیچ لایەکمان، بەڵام چۆن ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە؟ لە ڕاستیدا من بە زەحمەت و سەختی دەبینم ".

 بارزانی وتیشی، بە دڵنیاییەوە دیاریکردنی وادەی 30ی ئەیلول بۆ ئەو پرۆسەیە زۆر سەختە، بەڵام ئەگەر چەند مانگێکی دیکەشی پێ بچێت و ئەم بابەتە بە شێوازێکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، ئەوا دەستکەوت و سەرکەوتن دەبێت بۆ هەموو عێراق و بۆ خودی ئەو گروپە چەکدارانەش.

ئەوەشیخستەڕوو، گرنگ ئەوەیە چەک دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت و یاسادا بێت، ئەگەر بەکاریش بهێنرێت، تەنیا بە فەرمانی فەرماندەیی باڵا بێت، نەک هەر کەسە و بە ئارەزوی خۆی مامەڵە بکات.