شارپرێس:
چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردی بەدواداچوون بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئیسرائیل دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکەن، چونکە پێیان وایە ئەنجامەکان دەتوانن کاریگەرییەکی فراوان لەسەر ناوچەکە دابنێن.
لەدیدی چاودێران، داهاتووی سیاسیی بنیامین نانانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێکانی هەبێت.
بەپێی ڕاپرسییەکانی دەنگدان، چاوەڕوان دەکرێت بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەڵبژاردنەکانی 27ی ئۆکتۆبەر ڕووبەڕووی ملمێلانێیەکی نزیک لەگەڵ گادی ئایزینکۆت، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی گشتیی سوپای ئیسرائیل و سەرۆکی حیزبی ناوەڕاستی "یاشار"، ببێتەوە.
لە میسر، سەید شەلەبی، باڵیۆزی پێشووی میسر لە ئیسرائیل دەڵێت باشترین دۆخ بۆ وڵاتەکە بریتییە لە پێکهاتنی حکومەتێکی ئیسرائیلی کە کەمتر پابەندیی بە هۆکارە ئایدیۆلۆژییەکان هەبێت و زیاتر سەرنجی بخاتە سەر ئاسایش و هەژمارە ستراتیژییەکان.
بە بڕوای ئەو، ئەم جۆرە حکومەتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی توندیی گرژییەکان لە دەوروبەری غەززە، تەنانەت ئەگەر بنەمای سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستیینییەکان نەگۆڕێت. هەروەک بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، جەختی کردۆتەوە کە وڵاتەکە لەگەڵ هەر حکومەتێکی داهاتووی ئیسرائیل مامەڵە دەکات.
لە ئوردن، عەریب ڕەنتاوی، بەڕێوەبەری ناوەندی "قودس" بۆ توێژینەوە لە عەمان، دەڵێت ئاراستە فراوانخوازەکانی ئیسرائیل بوونەتە "هەڕەشەیەکی بوونیادیی" بۆ ئوردن.
ئەو ئاماژە بە پرسیاری کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان و دەسەڵاتدارێتی لە کەناری ڕۆژئاوا دەکات و دەڵێت لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لەسەر ئەم بابەتە جیاوازییەکی بنەڕەتی نییە. شا عەبدولڵای دووەم، پاشای ئوردن، هەروەک هۆشداریی داوە کە "ئامانجە فراوانخوازەکان"ی ئیسرائیل لە سەردەمی ناتانیاهۆ بوونەتە هەڕەشەیەکی ناوچەیی.
لە لوبنان، بەرپرسیارێکی پێشووی حکومەت و دیپلۆماتێک کە داوای کردووە نای نەهێنرێت، دەڵێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چاوەڕوانییەکی ئەرێنی نییە و لەوانەیە شێوازی کار بگۆڕێت، بەڵام سیاسەتی ئیسرائیل لەسەر زەوی بە گشتیی هەر وەک خۆی بمێنێتەوە.
لە سوریاش، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی دەڵێت گرنگییەکە لەوەدا نییە کە ئەنجامەکان یاریی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕن، بەڵکو لەوەدایە کە ئایا حکومەتێک لە ئیسرائیل دروست دەبێت کە کەمتر بەرەو توندوتیژیی بڕوات و ئامادەتر بێت گوێ لە واشنتۆن بگرێت.
لە کەنداو، نیل کۆیلیام، توێژەر لە دامەزراوەی "چاتەم هاوس"، دەڵێت جەنگی غەززە ژینگەی سیاسیی ناوچەکەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە.
لە هەمان کاتدا، ئەندریاس کریگ، لە کۆلێژی کینگز لە لەندەن، دەڵێت ئەبووزەبی ئارەزووی "جێگیری، دوورکەوتنەوە لە سوپرایز، دیسپلینی ستراتیژی و کەمکردنەوەی توندوتیژی" دەکات و نایەوێت ئیسرائیل ببێتە هۆی قەیرانە ناوچەییەکان کە بارگرانیی ئابووریی و ئاسایشی بۆ هاوبەشەکانی درووست بکات.
