شارپرێس:
ئەبو توراب تەمیمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکردوە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ئەمریکا "موبارەکە" و ڕەزامەندیی ئەمریکای بۆ دیاریکردنی یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران وەرگرتووە.
تەمیمی بەپێگەی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە زەیدی لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە دوایین سەردانیدا بۆ ئەمریکا، ڕەزامەندیی بۆ دیاریکردنی یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بەدەستهێناوە.
بە گوتەی ئەو، پێشتر ئەم کاندیدە لەلایەن ئەمریکاوە ڤیتۆی لەسەر بوو و ڕێگری لە دانانیدا دەکرا، بەڵام بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ڤیتۆکە بەهۆی بەڵێن و دڵنیاییەکانی زەیدی لابراوە.
لەبارەی تەواوکردنی کابینەی حکومەتەوە، تەمیمی وتویەتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە دوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەبێت.
هەروەک ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە سەرکردایەتیی نوری مالیکی، هێشتا پابەندە بە کاندیدکردنی قاسم عەتا بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ و گوتویەتی: "ئێمە پشتگیری کاندیدکردنی عەتا بۆ ئەم پۆستە دەکەین."
سەبارەت بە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیش، تەمیمی ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرتووە و رایگەیاندووە کە قەدەغەکردنی فڕۆکەوانیی مەدەنیی یان سەربازیی تەنیا بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێکخراوی فرۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی "ئیکائۆ" دەکرێت، و بڕیارێکی جیاواز لەم ڕێگایە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا دادەنرێت.