هەشت ئەندامی هێزەکانی مارينزی ئەمریكا برینداربون

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، دوو هەفتە لەمەوبەر هەشت ئەندامی هێزەکانی مارینزی ئەمریکا بەهۆی هێرشێکی موشەکی کروزی ئێران بریندار بون.


بەرپرسانی ئەمریکا بەئێن بی سی نیوزیان ڕاگەیاندوە، برینەکان مەترسیدار نەبون، بەڵام سەربازەکان بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵ و زیان گەیشتن بەمێشک ئازاریان چەشتوەو نیشانەکانی مێشکلەرزین وەک سەرئێشەیان پێوە دیار بوە.

بەرپرسان ئاشكراشیانكردوە، ئەو سەربازانەی لەهێرشەکەدا بریندار بون حەوت سەربازو ئەفسەرێک بون، سەرجەمیان دوای ماوەیەکی کەم لەو هێرشەی 14ـی ئەیلول، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

بەوتەی ئەو بەرپرسانە، سەربازەکان لەچوارچێوەی تیمێکی نیشتنەوەی کەتیبە کاریان دەکرد، کاتێک هێرشە ئێرانییەکە بەموشەکی کروزی دژە کەشتی کراوە.

بەرپرسان ڕەتیانکردەوە جۆرو ناسنامەی ئەو کەشتییە ئاشکرا بکەن کە سەربازەکانی مارینزی تێدا بون و تەنیا بەپارچەیەکی دەریایی ناویان برد، ئەوان جەختیانکردەوە کەشتییەکە سەر بەهێزی دەریایی ئەمریکا نەبوە.