شارپرێس:
دەستەی کەشناسیی عێراق ئاشكرایكرد، پێشبینی دەکرێت لەشەوی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی پچڕپچڕ ناوچەکانی باشوری کوردستان و عێراق بگرێتەوەو تاوەکو بەیانیی ڕۆژی هەینی بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق، پێشبینی دەکات لەشەوی چوارشەممە 30ـی ئەیلولی 2026، عێراق و ناوچەکە بکەونە ژێر کاریگەریی درێژبونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای سور کە پەستانی هەوا تێیدا دەگاتە 1,009 میلیبار، لەگەڵ بارستە هەوایەکی شێدار، ئەمەش دەبێتەهۆی بارینی بارانی پچڕپچڕ و کەم لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و نێوەڕاستی عێراق.
کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە"زۆرترین بڕی باران لەم شەپۆلەدا لەسنوری پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی دەبێت.
هاوكات، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش، پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردوەتەوەو بەگوێرەی تۆمارەکان، پلەکانی گەرما لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان تا شەش پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بە گشتی کەشەکە بەرەو فێنکی دەچێت.