دەروازەی سەرەکیی گەیاندنی هاوکارییەکان کەوتە دەست حکومەت‌و یاخیبوانى تیگرای له‌پاشه‌كشه‌دان

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گروپە چەکدارەکانی لایەنگری حکومەت لەئەسیوپیا ڕایانگەیاند، دوای هێرشێکی پێچەوانە لەدژی هێزە یاخیبوەکان، توانیویانە کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی شاری (میکێلی)ی پایتەختی هەرێمی باکوری تیگرای بکەن.


گروپی ناسراو بە(هێزی ئاشتی لەتیگرای) لەبڵاوکراوەیەکدا لەسەر سەکۆی "ئێکس" ڕایگەیاندوه‌، "کۆنترۆڵی تەواوەتی فڕۆکەخانەی (ئەلولا ئەبا نیگا)مان لەشاری میکێلی گرتوەتە دەست کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لەدەرەوەی شارەکەوە دورە".

پێشتریش لەمڕۆدا، یاخیبوانی هەرێمی تیگرای لەهەرێمی (عەفەر)ی هاوسێیان پاشەکشەیانکردبوو، ئەمەش دوای هێرشێکی پێچەوانە کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە ئەنجامدرابوو.

ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوش، گروپێکی چەکداری لایەنگری حکومەتی ئەسیوپیا ئاشکرایکردبوو، هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی دوای شەڕێکی سەخت لەچەندین بەرەی جیاوازدا، دەستیان بەسەر شارۆچکەی (ئالاماتا) لەباشوری هەرێمی تیگرای لەباکوری وڵاتدا گرتوە.

شارۆچکەی ئالاماتا نزیکەی 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە ناو سنورەکانی هەرێمەکەو نزیکەی 190 کیلۆمەتریش لەشاری میکێلی پایتەختی هەرێمەکەوە دورە کە دەکەوێتە باکوری فڕۆکەخانەکەوە.

ئالاماتا یەکەم شارۆچکەی گرنگ بوو لەنێو هەرێمەکەدا کە هێزەکانی ئەدیس ئەبابا (پایتەختی ئەسیوپیا) دوای دەستپێکردنەوەی ململانێکان لەماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا کۆنترۆڵی بکەن.

هەرێمی تیگرای دەکەوێتە باکوری ئەسیوپیاو هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئەریتریا، ململانێی نێوان حکومەتی ناوەندیی بەسەرکردایەتیی (ئەبی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیاو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی)و بەرەی ڕزگاریی گەلی تیگرای ناوبەناو لەساڵی 2020وە به‌رده‌وامه‌، ئەم بەرەیە بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ هەژمونی تەواوی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیى‌و سەربازیی ئەسیوپیادا هەبوو پێشئەوەی ئەبی ئەحمەد لەساڵی 2018 بێتەسەر دەسەڵات‌و هێڵەکانی ململانێکە بگۆڕێت.

لەتشرینی دوەمی ساڵی 2022دا، بەنێوەندگیریی یەکێتیی ئەفریقیا، ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتیی هەمەلایەنە لەژێر ناوی (ڕێککەوتنی پریتۆریا) لەئەفریقیای باشور واژۆکرا کە بڕیاربوو بەهۆیەوە چەکی یاخیبوان دابماڵدرێت‌و دامەزراوە فەرمییەکان بگەڕێنەوە؛ بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی تەواوەتی بەندەکان‌و کێشەی زەویی‌و سنورە ناوخۆییەکانی نێوان هەرێمی تیگرای‌و هەرێمی ئەمهەرا، ململانێ‌و شەڕی چەکداریی لەم مانگەدا (تشرینی یەکەمی 2026) بەشێوەیەکی کتوپڕو توند لەچەندین بەرەوە سەریهەڵدایەوە.

فڕۆکەخانەی (ئەلولا ئەبا نیگا) لەشاری میکێلی تەنها دەروازەیەکی سادەی گەشتیاری نییە، بەڵکو سیی سەرەکیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بازرگانی‌و پێداویستییە سەربازییەکانە بۆ ناو قوڵایی هەرێمی تیگرای، کۆنترۆڵکردنی ئەم فڕۆکەخانەیە لەلایەن هێزەکانی لایەنگری حکومەتەوە، بەواتای گەمارۆدانی تەواوەتی‌و بڕینی هێڵەکانی گەیاندنی هێزە یاخیبوەکانی تیگرای دێت‌و کێشەکە بەرەو یەکلاکردنەوەی سەربازیی یەکجاریی دەبات.

بەرەی ڕزگاریی گەلی تیگرای لەلایەن دێبرێسیۆن گێبرێمیکائیل مێژونوس‌و سەرکردەی سەربازیی‌و سیاسیى باڵای هەرێمەکەوە سەرکردایەتیدەکرێت، ناوبراو لەساڵی 2017وە بەفەرمی وەک سەرۆکی بەرەکە هەڵبژێردراوەو لەماوەی ساڵانی ململانێی سەختی نێوان باکورو حکومەتی ناوەندیدا، وەک سەرۆکی هەرێمی تیگرای‌و فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەو ناوچەیە گۆڕانکارییەکانی بەڕێوەبردوە.

بەپەلە