سیستمی بەرگریی ئاسمانی‌و بەشێک لەهێزەکانی مارێنزی ئەمریکا لەبەغداو هەولێر دەمێننەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لەعێراق، زانیارییە نوێیەکان ئاشکرایدەکەن، چونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان بەواتای بەجێهێشتنی تەواوەتی وڵاتەکە نییە؛ چونکە واشنتۆن لەپێناو پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکانی، بەشێک لەهێزەکانی مارێنز لەگەڵ سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لەباڵیۆزخانه‌كه‌ى له‌به‌غداو كونسوڵخانه‌كه‌ى له‌هه‌ولێر دەهێڵێتەوە، ئەمەش گۆڕانکاریی نوێ لەهاوکێشەی ئەمنیی قۆناغی داهاتودا دروستدەکات.


لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەرکردایەتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبەغدا، پرسى چەکی گروپه‌كان بەهەڵواسراوی مایەوە، بۆ یەکەمجار لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردودا، حکومەت‌و لایەنە شیعییەکان خۆیان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆدا دەبیننەوە، بەبێ بونی پاساوی "بونی سەربازیی بیانی" کە پێشتر گروپه‌ چەکدارەکان بۆ هێشتنەوەی کەرەستە سەربازییەکانیان بەکاریاندەهێنا، ئێستا پرسیارە هەرە قورسەکە ئەوەیە، بەغدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا دەکات؟

حکومەت 30ی ئەیلولی وەک "ڕۆژی سەروەریی" ناوزەدکردو بڕیاربوو ببێتە کۆتا ڕۆژ بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەک، بەڵام ئەو مێژوە تەنها وەک ڕۆژی چونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆتاییهات‌و پرسى چەک بۆ 30ی حوزەیرانی 2027 دواخرا، کێشەکە ئەوەیە تائێستا هیچ دەستەبەریی‌و گرەنتییەکی ڕون نییە کە ئەم چەکانە لەکۆتایی ڕێگه‌کەدا ڕادەست بکرێن، بەتایبەت کە هەندێک لەگروپەکان بەئاشكرا نەیانتوانیوە بەڵێنی ڕادەستکردنی تەواوەتی ترسانەکەیان بدەن؛ ئەمەش ڕەنگە بەغدا بخاتە ناو خولگەیەکی بەتاڵەوە کە تێیدا هێزە چەکدارەکان بەردەوامبن لەدۆزینەوەی پاساوی نوێ بۆ دواخستنی کاتەکە.

کشانەوەیەک کە کۆتایی بەبونی ئەمریکا ناهێنێت
کشانەوەی ئەمریکییەکان، تەنانەت لەسەرچاوە ناوخۆییەکانی خۆشیاندا، بەواتای ونبونی تەواوەتی ئەوان نایەت لەعێراقدا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری بەرپرسانی ئێستاو پێشوی ئەمریکاوە ئاشکرایکردوە، بەشێک لەهێزەکانی مارێنز بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان دەمێننەوە، لەپاڵ بونی شارەزایانی تەکنیکی بۆ چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی "F-16"و تانکە ئەمریکییەکان.

بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، سوپای ئەمریکا پێشتر سیستمی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت)ی لەهەولێر کێشاوەتەوەو لەسایەی بەردەوامبونی هەڕەشەکاندا، بەرگرییە ئاسمانییەکانی دیكى ئەمریکا تەنها لەسەر پاراستنی باڵیۆزخانە لەبەغداو کونسوڵگەری لەهەولێر چڕدەبنەوە، ئەم وردەکارییەش لەململانێی داهاتوی چەکدا گرنگییەکی زۆری دەبێت، چونکە هێزە چەکدارەکان، خۆیان لەبەردەم بونێکی ئەمریکیی بچوکتردا دەبیننەوە کە هێشتا بەتەواوی ون نەبوە.

چەکی ماوەی دوای کشانەوە
چەند کاتژمێرێک پێش کشانەوەکە، هێزە چەکدارەکان تەنها چاودێریی ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکایان نەدەکرد، بەڵکو هەڕەشەی چاودێریکردنی ئاسمان‌و سنورەکانیان دەکرد بۆ دڵنیابون لەچونە دەرەوەیان‌و تەنانەت هەڕەشەی ڕوخاندنی حکومەتیشیان کرد ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، گروپه‌ چەکدارەکان پێشتر لیستێک لەمەرجەکانیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی چەکدا دانابوو، بەڵام لەبەرامبەردا هیچ بەڵێنێکی ڕونیان نەدابوو کە جێبەجێکردنی مەرجەکان دەبێتە هۆی داماڵینی چەکەکانیان، لێکۆڵەران پێیانوایە کە هێزە چەکدارەکان هەمیشە پاساو بۆ هێشتنەوەی چەکەکانیان دەدۆزنەوە، وەک چۆن لەساڵانی ڕابردودا بەتەواوی ڕەتیانکردەوەو هەندێکیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە چەکەکانیان تەنها ڕادەستی "ئیمامی مه‌هدى" دەکەن.

لەگەڵ بەربەستەکانی بەردەم گفتوگۆکان، لایەنە شیعییەکان بەدەستوەردانی تاران هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک دەدەن کە بەغدا لەسزاکانی واشنتۆن بپارێزێت، لەوانەش پێشنیازی کۆگاگردنی چەکەکان لەشوێنی دور لەدەستی حکومەت، حکومەتیش کە پێشتر لەچەند قۆناغێکدا هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتری دەکرد، لەهەندێک لەو هەڕەشانی پاشەکشەیکردوەو لەئێستادا لەتێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی نزیکدەبێتەوە، ئەم هەنگاوەش وەک خەڵاتێک بۆ هێزە چەکدارەکان لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا سەیر دەکرێت، لەبەرامبەریشدا، موقته‌دا سەدر لەڕۆژی کشانەوەکەدا مەلەفەکەی کردەوەو داوای کۆنترۆڵکردنی چەکی لەڕێگەی "بەرنامەیەکی ئاشکرای لێهاتوو" کردو داوای لەسەرکردە سیاسییه‌كانیش کرد دەستلەکار بکێشنەوە.

بڕینی دوا پاساو
کیفاح مەحمود لێکۆڵەرى کاروباری سیاسیى پێیوایە، چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی دروستبونی گوشارێکی گەورەتر لەسەر گروپه‌ چەکدارەکان، چونکە چیتر ناتوانن بونی ئەمریکا وەک پاساوێکی هەمیشەیی بۆ چەکەکانیان بەکاربهێنن.

ناوبراو ئاماژەی بەوتەیەکی پێشوی هۆشیار زێباری کرد کە وتبوی "ئەمە نە داگیرکارییەو نە کشانەوەیەکی تەواوەتیشە" بەواتای کلاسیکی؛ چونکە بابەتەکە لەساڵی 2011دا به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنی بەغداو واشنتۆن لەبەر مەترسییەکانی داعش دەستیپێکردو پسپۆڕانی ڕاهێنان بۆ سوپا، دژەتیرۆرو پێشمەرگە مانەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ كیفاح مەحمود پێیوایە، واشنتۆن بەم هەنگاوە ویستویەتی دوا مەرج‌و پاساو لەژێر پێی هێزە چەکدارەکان دەربهێنێت.

ناوبراو پێشبینی ناچاربونی ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریی ناکات، چونکە ئەمریکییەکان پاڵپشتیی پلانی نەرمی زەیدیی دەکەن بۆ دورکەوتنەوە لەپێکدادان، بەتایبەت دوای هۆشدارییەکەی مەسعود بارزانی کە ڕایگەیاندبوو، هەر جۆرە شەڕێکی ناوخۆیی تێچوەکەی لەسەر شانی هاوڵاتیان دەبێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە واشنتۆن ڕێگە به‌گروپه‌ چەکدارەکان دەدات توانای خۆیان فراوانتر بکەن، بەتایبەت کە ئێران خۆی لەژێر گوشاری توندی سزاکان‌و لێدانی بنکە سەربازییەکانیدایە، بۆیە پێگەی گروپەکانی بەستراوە بەتارانەوە لەیەمەن، لوبنان‌و عێراق لەقۆناغی پاشەکشەدایە نەک بەهێزبون‌و هەڕەشە میدیاییەکانیان ناتوانن هاوسەنگیی شەڕێکی بەرفراوان یەکلابکەنەوە.

"کوا سەروەريی؟"
باسل حوسێن مامۆستای زانکۆو سەرۆکی ناوەندی کلوازا بۆ توێژینەوەکان ئاماژە بەپێچەوانەیەک لەم دیمەنەدا دەکات؛ ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمیی حکومەت هاتبێتن‌و بەڕێککەوتنی ئەویش بڕۆن، ئیتر ناونانی ئەم ڕۆژە وەک "ڕۆژی سەروەریی" چی دەگەیەنێت؟ ئەو بەراوردی دەکات بەساڵی 2011 کاتێک ڕۆیشتنی ئەمریکییەکان کۆتاییهاتنی شەڕو داگیرکارییەکی چەندین ساڵە بوو.

به‌بۆچونى باسل، "ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە؛ هێزە بیانییەکان وەک داگیرکەر نەهاتبون، بەڵکو بۆ هاوکاری لەشەڕی دژ بەداعش لەسەر داوای دەوڵەت هاتبون، لەبەرئەوە، سەروەریی لەژمارەی ئەو سەربازانەدا کورتنابێتەوە کە فڕۆکەخانەکان جێدەهێڵن، بەڵکو پێوەرە ڕاستەقینەکە توانای دەوڵەتە لەسەر سەپاندنی بڕیارەکانی لەناوخۆداو قۆرخکردنی چەک لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکانداو ڕێگریکردن لەهەر هێزێکی دەرەوەی یاسا، ڕۆژی سەروەریی ڕاستەقینەش ئەو ڕۆژەیە کە تەنها دەوڵەت خاوەنی بڕیاری شەڕو ئاشتی بێت‌و هیچ چەک یان هێزه‌ لایه‌نگره‌كانى ئه‌ودیو سنور سەرکەوتونه‌بن بەسەر بڕیارەکانیدا".

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لەکاتی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیدا پەیامێکی ڕونی ئاڕاستەی هێزە چەکدارەکان کردو ڕایگەیاند، چیتر هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی گروپە چەکدارەکان لەئارادانییە، چونکە ئەوان ئەرکەکانیان بەکۆتایی گەیاندوەو دوایین کشانەوە لەهەولێر ئەنجامدراوە، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانیش لەو ئاهەنگەدا ڕایگەیاند، عێراق چوەتە قۆناغێکەوە کە خۆی بەرپرسیارێتی تەواوی ئاسایش‌و سەقامگیریی وڵاتەکەی دەگرێتە ئەستۆ.

بەپەلە