لەنێوان سەروەریی عێراق‌و هەژمونی ئەمریکادا، خوێندنەوەیەک بۆ قۆناغی پاش کشانەوە

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - شیکاریی هەڤاڵ عارف:

پاش نزیکەی چارەکە سەدەیەک لەئامادەیی چڕی سەربازی، لۆجستی‌و مەیدانی، هەروەها سەرباری ئەزموونی کشانەوەی پێشوو و گەڕانەوەی دووبارە لە شەڕی دژ بە داعش، لەژێر هەر پاڵنەر و سیناریۆیەکدا بێت، دواجار هێزەکانی ئەمریکا بۆجارێکی دیکە بەتەواوی لە عێراق کشانەوە و دۆسیەی ئەمنی وڵاتەکەیان ڕادەستی حکومەتی بەغدا کردەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم هەنگاوە ستراتیژییە لە قۆناغێکدا نراوە ناوچەکە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین و نادیارترین دۆخەکانیدا تێدەپەڕێت، لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەدا و هەرچەندە کاردانەوە و لێدوانە سیاسییەکان جیاوازن، سەرەنجام بەم پاشەکشێـیە ڕووە بینراوەکەی ئەم پرسە گەیشتە کۆتایی، بەڵام بە دڵنیاییەوە دیوە شاراوەکەی، چەندین گریمانە و ئەگەری نوێی بۆ ئایندەی سیاسی، ئەمنی و جوگرافیای عێراق و  ناوچەکەش هەڵگرتووە.

لەئێستادا ناوەندە فەرمییەکانی بەغدا ئەم کشانەوەیە وەک گەڕانەوەی سەروەری دەوڵەت وێنا دەکەن، لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی شەقام و هەندێک لە ناوەندە شیکارییەکان، باس لە پاشەکشێی ڕۆڵی ئەمریکا و کۆتاییهاتنی هەژموونی واشنتۆن دەکرێت بۆ قۆناغی داهاتوو، لێرەدا ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە، تا چەند ئەم کشانەوەیە دەبێتە زامنی دەستەبەرکردنی سەروەرییەکی ڕەها و وەستانی عێراق لەسەر پێی خۆی؟ بەدیوەکەی دیکەشیدا تاچەند بەمانای پاشەکشێی ڕاستەقینەی ڕۆڵ و کاریگەری ئەمریکا دێت؟

بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە، دەبێت ڕووبەڕووی واقیعێکی حاشاهەڵنەگر ببینەوە، کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم ئەزموونی حکومڕانی لەدوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی (2003) ئەویش ئەوەیە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ و لە هیچ قۆناغێکدا عێراق  سەروەرییەکی ڕاستەقینەی بەدەست نەهێناوە، بێگومان بۆ داهاتوویەکی نزیکیش گەیشتن بەو ئامانجە زەحمەتە، چونکە تا ئێستا کاربەدەستانی بەغدا نەیانتوانیوە بە ئالیەتێکی دامەزراوەیی تۆکمە مومارەسەی کایەکانی حوکمڕانی بکەن و سێکتەرە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت سەرپێ بـخەنەوە.

ئەگەر تەماشا بکەین لەسەر ئاستی ئابووری، عێراق بەدەست ژێرخانێکی لەرزۆکەوە دەناڵێنێت و جڵەوی سیستەمە داراییەکەی لەدەست خۆیدا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەژێر ڕکێف و هەژموونی ئەمریکادایە، لەپاڵ ئەم لاوازییە ئابوورییەدا، کە دێینە سەر کایەی سیاسی، دەبینین گۆڕەپانی عێراق بەسەر چەندین تەوژم و جەمسەری جیاوازدا دابەش بووە، بەشێک لەم جەمسەرە سەرەکییانە بڕیار و ئاراستەی سیاسییان ڕاستەوخۆ لە وڵاتانی ئیقلیمییەوە وەردەگرن، ئەمەش خاڵێکی دیکەی لاوازیی سیستەمەکەیە و وای کردووە سەقامگیریی سیاسی وڵاتەکە بەردەوام لە قەیران و ئاڵنگاریدا بێت.

لە ڕووی ئەمنیشەوە، ئاشکرایە عێراق کۆنتڕۆڵی بەسەر ئاسمانی خۆیدا نییە و ناتوانێت ڕێگری لە بەزاندنی کایە ئاسمانییەکەی بکات، لەسەر زەویش، هێزە چەکدارەکانی یەکگرتوو نین و بەشێکیان بەسەر  گرووپ و ئایدیۆلۆژیای جیاوازدا دابەش بوون، ئەمە جگە لە ئامادەیی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی تورکیا لە قووڵایی خاکی عێراقدا، کۆی ئەم فاکتەرانەش (ئابووری، سیاسی و ئەمنی) ئەوە دەسەلمێنن، کە سەروەری عێراق هێشتا زۆر دوورە لەوەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکرێت.

هەرچی پەیوەندی بە ڕۆڵی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق لەم هاوکێشە نوێیەدا، دەبێت لەو واقیعە تێبگەین، کە ئەم هەنگاوە بە واتای کۆتاییهاتنی هەژموونی واشنتۆن نایەت، بەڵکو تەنیا میکانیزم و ئامرازەکانی پاراستنی ئەو هەژموونە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، واتە لە قۆناغی هێزی زبر و مانەوەی سەربازییەوە، دۆخەکە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی هێزی نەرم و فشاری ئابووری و دیپلۆماسی، بۆیە لەمەودوا، لەبری ئامادەیی سەربازی لە عێراقدا، ئەمریکا دەتوانیت بەئاسانی لە ڕێگەی کارتی دۆلار و داهاتی ووزەوە ئاراستەی گۆڕەپانەکە بکات بەتایبەت، کە داهاتی نەوتی عێراق نزیکەی 90%ی داهاتی بودجەی دەوڵەت پێکدەهێنێت، بۆیە واشنتۆن ئەگەر بیەوێت، توانای ئەوەی هەیە بە یەک هەنگاوی دارایی، تەواوی سیستەمی ئابووریی وڵاتەکە پەک بخات، هەروەک چۆن لە ساڵانی (2023 تا 2025) بەسێ قۆناغ (27) بانکی عێراقی لە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکیەوە سنوودارکران، ئەوەش بازاڕی دراو و سێکتەری دارایی عێراقی توشی پەشۆکان و  جوڕێک لە شڵـژان کرد.

ئەمەش ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکات، کە کشانەوەی سەربازی تەنیا گۆڕانکارییەکی تاکتیکییە بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچوو و دوورخستنەوەی هێزەکان لە مەترسیی ڕوبەڕوبونەوە و هەندێ مەرام و پرۆژەی دیکە، نەک جێهێشتنی گۆڕەپانەکە بۆ نەیارەکانی، چونکە واشنتۆن لە دووریشەوە دەتوانێت هێڵی سوور بۆ هەموو ئەو هاوکێشانە بکێشێت، کە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەخەنە مەترسییەوە

لەکۆتاییدا، دەبێت دان بەو واقیعەدا بنێین، کە گۆڕانکاری ڕوویداوە و عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی جیاوازەوە. بەڵام جەوهەری ئەم گۆڕانکارییە سەروەری ڕاستەقینە بە وڵاتەکە نابەخشێت، بەڵکو دەرهاویشتەی جیاوازتری لێ دەکەوێتەوە، لە ناوخۆدا دەکرێت وەک پاساوێک بەکار بهێنرێت بۆ کۆمەڵێک هەنگاو و گۆڕانکاری سیاسی و ئەمنی، بەتایبەت بۆ یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی پرسی گرووپە چەکدارەکان، کە لەئێستدا بەجددی کاری لە سەردەکرێت.

لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، ئەم هەنگاوە دەبێتە کارتێکی فشاری قورس بۆ بەرتەسککردنەوەی ژینگەی دەستێوەردان و ناچارکردنی هێزە ئیقلیمییەکانی دیکە بە پاشەکشە لەناو قووڵایی خاکی عێراقدا، لەهەمانکاتدا تاقیکردنەوەیەکیش بە بەغدا دەدات، کە تا چەند دەتوانێت ئەم پرسە بکاتە دەرفەتێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی پێشتر دەرفەتی دەخالەت و نفووزیان بە دەرەوە دەدا، بێگومان ئەم پرۆسەیەش لێرەدا ناوەستێت و کاریگەری و ڕەهەندی دیکەی بەدوادا دێت، سەرەداوی ئەمەش لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراکدا بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت، بۆیە ڕۆژانی داهاتوو وێنە گشتییەکەی ئەم قۆناغەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە.

بەپەلە