شارپرێس:
نوسراوێكى دادگاى سهربازیى لهسلێمانى، پەردە لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیو بردنی پارەیهكى ئێجگار زۆر لەناو یەکەی پاسەوانییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لادەدات؛ دوای دەستگیرکردنی بەرپرسی یەکەکەو دانپێدانانی لەسەر هاوبەشیکردنی دارایی لەگەڵ بریکاری وەزارەتى ناوخۆ، دادگای سەربازیی بەفەرمی داوا لەوەزیری ناوخۆ دەکات، لیوا چەتۆ ساڵح ئاگاداربکاتەوە تا پشکی خۆی لەو پارەیە کە زیاتر لەملیارێکو 488 ملیۆن دینارە بگەڕێنێتەوە بۆ دادگا، لەگەڵ فەرمانی ئامادەبونی لەبەردەم دادوەردا، نوسینگهى وهزیرى ناوخۆ-ش دهڵێت، "هیچ نوسراوێكمان بهدهست نهگهیشتوه".
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون، دوای ئەوەی عەمید نزار محەمەد بەرپرسی یەکەی پاسەوانی بەتۆمەتی گەندەڵیو بردنو بەهەدەردانی پارەی تایبەت بەیەکەی پاسەوانیو پاسەوانی بارەگاکان دەستبەسەرکراوە، لەمیانی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەداناوە کە ئەوکارە نایاساییەی بەتەنها ئەنجامنەداوە، بەڵکو بەئاگادارییو هاوبەشیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بوە.
دوای گەیشتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەدادگای سەربازیی، دادوەری دادگاکە بەنوسراوێکی فەرمی بەژمارە 2283 لەڕۆژى 16ی ئەیلولی 2026دا، داوای لەوەزیری ناوخۆى حكومهتى ههرێم کردوە، بریکاری وەزیر ئاگاداربکاتەوە تا بڕی یهك ملیارو 488 ملیۆنو 400 هەزار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ دادگا کە ئەم بڕە بهگوێرهى وتەکانی عەمید نزار وەک پشکی تایبەتی لیوا چەتۆ لەو گەندەڵییە پێیدراوە.
نوسراوەکەی دادگای سەربازیی کە واژۆی عەمیدی مافپەروەر چرا ئەحمەد لەتیف-ی لەسەرە، جەختیکردوەتەوە، دەبێت ئەم سامانە داراییە دەستبەجێ بگەڕێنرێتەوە بۆ دادگاو تاکاتی یەکلابونەوەی کۆتایی دۆسیەکەش، لە ژێر چاودێریی دادگادا بمێنێتەوە.
کۆی گشتیی ئەو داراییەی کە مەلەفە یاساییەکەی لەسەر کراوەتەوەو عەمید نزارو لیوا چەتۆ بەبردنو تاڵانکردنی تۆمەتبارکراون، دەگاتە نزیکەی سێ ملیار دینار کە نیوەی ئەو بڕە وەک پشکی بریکاری وەزیر دەستنیشانکراوە.
هەر لەنوسراوە فەرمییەکەدا داواکرابوو ڕۆژی چوارشەممە 30ى ئەیلول، لیوا چەتۆ ساڵح لەبەردەم دادگاکەدا ئامادەبێت بەمەبەستی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو ڕۆژە پشوو بوو، وادهكه دواکەوتوەو دیارنییە کەی دادگایی دەکرێت.
شارپرێس پەیوەندیی بەنوسینگەی لیوا چەتۆ ساڵحەوە کردو لەبارەی زانیاریەکانەوە نوسینگەکەی ڕایگەیاند، "تائێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی بەدەست بریکاری وەزیر نەگەیشتوەو ئاگادارنەکراون".
نوسینگهى وهزیرى ناوخۆ بۆ شارپرێس ئهوهشى وت، "پێمانوایە، ئامانج لەمجۆرە کارانە، لێدانە لەکەسایەتیو پێگەی بەڕێز بریکاری وەزیری ناوخۆ".