شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ شەممە ئاشكرایكرد، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایه‌تى نوری مالیکی، بەشێوەیەکی فەرمی كاندیدى خۆى بۆ هه‌ردوو پۆستى وه‌زیرى ناوخۆ‌و خوێندنى باڵا کاندیدکردوە.
سەرچاوەکە به‌میدیاى عێراقى وتوه، هاوپەیمانێتییەکە (حەیدەر بەها)ی کاندیدکردوە بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە لەئێستادا وەک ڕاگری کۆلێژی دەرمانسازیی لەزانکۆی نەهرەین کاردەکات، هه‌روه‌ها بەشێوەیەکی فەرمیش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساوه، (یاسر سۆخەیل) بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ کاندیدكراوه‌و هەردوو ناوەکەش بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران ڕه‌وانه‌كراون.
لای خۆیشییەوە، قوسەی عەباس ئەندامی پەرلەمان لەفراکسیۆنی بەدر، جەختیکردوه‌ته‌وه، قەوارە سیاسییه‌كان بەسەرجەم ئاڕاستەو پارتە جیاوازەکانەوە، خەریکی کۆبونەوەو گفتوگۆی بەردەوامن بۆ یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکان‌و تەواوکردنی دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاری لەژێر کۆڵەکەی پەرلەمانی عێراقدا.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕاشگەیاندوە، هیچ واده‌یه‌كى دیاریکراو بۆ سازدانی دانیشتنی په‌رله‌مان تایبەت بەتەواوکردنی دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاری لەئارادانییە؛ چونكه پرسی هەڵبژاردنی کاندیدەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان بۆ سەرۆک وەزیران جێهێڵدراوە، له‌به‌رئه‌وه‌ى، ئەو لایەنی سەرەکیی په‌یوەندیدارە بەهەڵبژاردن‌و ناردنی ناوی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان.
پێشتریش پەرلەمانی عێراق لە14ی ئایاری ڕابردودا، دەنگی متمانەی بەحکومەتەکەی عەلی زەیدیی‌و کارنامەی وەزارییەکەیدابوو کە 14 وەزیری لەخۆدەگرت، لەکاتێکدا دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەتەکەی دیكه‌ى ماوە بۆ کاتێکی نادیار‌و دواخرا بەهۆی بەردەوامبونی ناكۆكیه سیاسییه‌كان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانیش به‌شى هه‌ره‌زۆرى ئه‌و پرسه هۆشداریی نێودەوڵەتی بوو لەدژی بەشداریکردنی گروپه چەکدارەکان لەپێکهاتەی وەزاریی نوێ‌دا.
له‌وکاتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعه‌كان) دەسەڵاتی تەواوی داوەتە عەلی زەیدیی تاوه‌كو په‌یوەندیی بەسەرۆکی فراکسیۆن‌و قەوارە سیاسییه‌كانى بەشدار لەحکومەتدا بکات، کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناوی کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتە بەتاڵەکان یەکلانەکراوەتەوە.
