شارپرێس:
ماڵپەڕی ئەکسیۆس-ى ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکی باڵاوە ئاشکرایدەکات، تەواوی پێکهاتەی ئەمنیو سەربازیی کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک، کۆبونەوەیەکی چەند کاتژمێریی نائاساییو نهێنییان لەکامپ دەیڤید ئەنجامداوە؛ ئەم هەنگاوە بێدەنگە کە تایبەتبوە بەتاووتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوی شەڕی دژ بەئێرانو ململانێی سعودیەو حوسییەکان، هاوشێوەی ئەو کۆبونەوە مێژوییەیە کە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیلو تاران لەساڵی ڕابردودا سازکرا.
ململانێ سیاسیىو سەربازییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێن، ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکی تایبەتدا لەزاری سێ بەرپرسی باڵای دەسەڵاتەوە ئاشکرایکردوه، دوێنێ هەینی، ئەندامانی پێشەنگو باڵای ئیدارەی ئەمریکا بۆ چەندین کاتژمێری بەردەوام لەهاوینەهەواری سەرۆکایەتیی (کامپ دەیڤید) کۆبونەتەوە.
باسى لهوهشكردوه، ئامانجی سەرەکیی ئەو گردبونەوەیە داڕشتنی هەنگاوەکانی داهاتوی واشنتۆن بوە لەشەڕی دژ بەئێرانو چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان عەرەبستانی سعودیو هێزەکانی حوسی لەیەمەن.
ئەو کۆبونەوەیە بەتەواوی لەدەرەوەی ڕێوشوێنە باوەکان بوە؛ بەجۆرێک کە کۆشکی سپی پێشوەختە هیچ زانیارییەکی لەسەر بڵاونەکردبوەوەو تەنانەت لەدوای ئاشکرابونیشی، ڕەتیکردوەتەوە هیچ جۆرە لێدوان یان ڕونکردنەوەیەکی فەرمی لەوبارەیەوە بدات.
گرنگیو هەستیاریی ئەم پێشهاتە لەوەدایە کە دوایینجار کۆبونەوەیەکی لەمشێوەیە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2025دا ئەنجامدرابوو، کە تەنها چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیلو ئێران بوو.
بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکان، کۆبونەوەکە لەژێر سەرپەرشتیو سەرۆکایەتیی ڕاستەوخۆی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوە، لەسەر مێزی گفتوگۆکاندا، قورسترین سەرکردە ئەمنیو دیپلۆماسییەکانی واشنتۆن ئامادەبون کە پێکهاتبون لەمارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسس وەزیری بەرگری (جەنگ)، ستیڤ ویتکۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)، ژەنەراڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئهوهش هاتوە، لایەنە ئەمریکییەکان لێکەوتەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەتەواوی یەکلاییکردوەتەوە؛ بەجۆرێک یەکێک لەبەرپرسە ئامادەبوەکان بەئاماژەدان بەدەرئەنجامی ئەو کۆبونەوە درێژخایەنە ڕایگەیاندوە، "لەپشت دەرگا داخراوەکاندا بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسەکان دراوە، یان لانیکەم سەرجەم ئەگەرەکان بەقووڵیو بەوردی تاووتوێکراون کە ئەمەش نیشانەی نزیکبونەوەی گۆڕانکاریی نوێیە لەسەر زەوی.
