شارپرێس:
ئەسعەد تورکی سواری، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری عێراق لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و کەلتوور "یونسکۆ" لە پاریس، دوێنێ هەینی ڕایگەیاند کە عێراق بەشداریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوەکە ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەسەر هەڵوێستی فەرمیی و یاساییی خۆی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکاتەوە.
سواری لە نامەیەکی فەرمییەوە ڕوونی کردۆتەوە کە هەڵوێستی عێراق وەڵامی بانگهێشتی یونسکۆیە بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی نەخوازراوی ڕێکخراوەکە، لەوانە ئیسرائیل، بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی حکومیی کۆمیتەی تایبەت بە دەستکاریکردنی پێشنیاری یونسکۆ دەربارەی دۆخی دەستەی مامۆستایانی خوێندنی باڵا لە ساڵی 1997.
هەروەک وتویەتی هەڵوێستی عێراق پشت بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2022 دەبەستێت کە ئاساییکردنەوە و دامەزراندنی پەیوەندیی یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، قەدەغە دەکات.
سواری ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق پێشتر لە کۆبوونەوەکانی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەخنەی لە کردەوەکانی ئیسرائیل گرتووە و جەختی کردۆتەوە کە بەردەوامبوونی داگیرکردنی خاکە فەلەستینییەکان و پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە گەلی فەلەستین، نابێتە هۆی بانگهێشتکردنی ئیسرائیل بۆ بەشداریی لە کارەکانی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی وەک یونسکۆ.
نوێنەری عێراق هەروەک جەختی کردۆتەوە کە بەشداریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکانی یونسکۆ لەگەڵ یاسای عێراق ناگونجێت، و داوای کردووە گرووپی عەرەبی لە یونسکۆ لە هەر بانگهێشتێکی داهاتووی ئیسرائیل هەڵوێستێکی ڕوون و یەکگرتوو هەبێت.