شارپرێس:
شارەزایانی ئەمنی هۆشداریدەدەن، داهاتی
ئەو تۆڕە نەوتییەی لەجورف ئەلسەخر ئاشکرابوە بۆ پارەدارکردنی چەک لەدەرەوەی دەوڵەت
بەکارهاتوە، هاوکات هەوڵی کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی شکستیهێناو عەسائیبی
ئەهلی حەقیش خەریکی یەکلاکردنەوەی جێگرەوەی عەلی تورکییە تا بابل نەکەوێتە بەر سزای
دارایی عەلی زەیدیی، سهرۆك وهزیرانیش كهمتر له48 كاتژمێرى بۆ خهزعهلى دیاریكردوه.
لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق لەناحیەی
جورف ئەلسەخر لەباکوری پارێزگای بابل، هەژمونی گروپە چەکدارەکانو چالاکییە ئابورییەکانیانی
خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی بێپێشینەوە، بەتایبەت دوای ئاشکرابونی دەیان تانکەر،
بۆریی کونکراوو پێگەی دەرهێنان، عەمبارکردنو پاڵاوتنی نەوت، لەنێو هۆشدارییەکاندا
سەبارەت بەبەکارهێنانی داهاتی ئەم قاچاخچێتییە بۆ پارەدارکردنی چەک لەدەرەوەی
چوارچێوەی دەوڵەت.
ئەم پێشهاتە خێرایانە دوای بڕیاری حکومەت
دێن بۆ ناردنی هێزی پشتیوانیی سەربازیی، چونەناوەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بۆ
ناحیەکەو دورخستنەوەی نۆ بەرپرسی ئەمنیو کارگێڕیی، چاودێرانیش ئەم هەنگاوانە بەوەرچەرخانێکی
گرنگ دەزانن بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کە هاوکات بوە لەگەڵ تەقینەوەی قەیرانێکی
سیاسیی بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە ناچارییەکەی عەلی تورکی پارێزگاری بابلو پێداگریی
فراکسیۆنی سادیقون لەسەر مانەوەی پۆستەکە لەپشکی خۆیان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەپارێزگای بابل بەڕۆژنامەی
عالهم جهدیدی وتوه، "دەستلەکارکێشانەوەی عەلی تورکی پارێزگاری بابل لەسەر
خواستی خۆی نەبوە، بەڵکو لەژێر فشاری قەیس خەزعهلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی
حەقدا بوە، بەهۆی لێدوانەکانی پارێزگار لەبارەی جورف ئەلسەخر دوو ڕۆژ پێش چونەناوەوەی
لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەت بۆ ناوچەکە".
سەرچاوەکە دەڵێت، "پارێزگار دوای
گەیشتنی زانیاریی هەواڵگریی لەسەر بونی قاچاخچێتیی نەوت، تیمێکی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵ
خۆی بردوەتە جورف ئەلسەخر، بەڵام چوەتە ناوچەیەکی دور لەو شوێنانەی باس لەقاچاخچێتییان
تێدادەکرێت، وەک هەوڵێک بۆ ڕەتکردنەوەی زانیارییەکان، ئەمەش لای خەزعهلی پەسەند نەبوە".
خەزعلی ئەم هەڵوێستەی پارێزگاری بەبەرگریکردن
لەکەتائیبی حزبوڵڵا لێکداوەتەوە سەرباری بونی قاچاخچێتی، ئەمەش ناکۆکیی نێوانیانی
قوڵترکردەوەو بوە هۆی ئەوەی عەلی تورکی ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو دەستلەکارکێشانەوەکەی
پێشکەش بەو لایەنە سیاسییە بکات کە کاندیدی کردبوو، بەپاساوی بەرگریکردن لەحەشدی شەعبی
لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێن.
ئێستا پارێزگار سەرقاڵی گەشتە خزمەتگوزارییەکانییەتی
لەناو بابلو چاوەڕێی فشاری جەماوەریی لەسەر خەزعهلیو هەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگا
دەکات بۆ ئەوەی بزانێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند دەکرێت یان ڕەتدەکرێتەوە.
فازڵ فەتلاوی سەرکردە لەفراکسیۆنی سادیقون
(باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) ئاشكرایكردوه، پۆستی پارێزگاری بابل هەر لەپشکی
ئەوان دەمێنێتەوەو ڕێککەوتنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش گۆڕانکارییان بەسەردانەهاتوە.
ڕونیشیکردەوە، تائێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی
عەلی تورکی نەگەیشتوەتە ئەنجومەنی پارێزگای بابل، بەڵکو تەنها دراوەتە دەست فراکسیۆنەکەیانو
هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە، لەلایەکی دیکەشهوە، سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایانکردوە،
عەسائیبی ئەهلی حەق هێشتا لەسەر ناوی کاندیدی نوێ یەکلانەبوەتەوە.
ئهوهش زانراوه، مەهدی عەرداوی وەک یەکێک
لەکاندیدەکان ناوی هێنراوە، بەڵام باس لەوەدەکرێت، ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی
پارێزگا پێی ڕازی نین، ههروهها باسم عەبدولسادە نزیکترین ناوە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی
ئەندامانی ئەنجومەن، بەڵام کێشەیەکی گەورە لەبەردەم کاندیدکردنیدا هەیە؛ ئەویش ئەوەیە
ئەگەر ببێتە پارێزگار، ئەوا عەسائیبی ئەهلی حەق کورسییەکەی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای
بابل لەدەستدەداتو کورسییەکە دەچێتە لای لایەنێکی سیاسیی دیکە، کە ئەمەش شتێکە عەسائیب
نایەوێت ڕوبدات.
هەرچەندە هەندێک لایەنی سیاسیی پێیان
باشە عەلی تورکی لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە تا نەکەونە ناو کێشەی دیاریکردنی جێگرەوە،
بەڵام دامەزراوە حکومییەکانی بابل ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر تورکی بمێنێتەوە،
حکومەتەکەی عەلی زەیدیی هاوکاریی بابل نەکاتو شایستە داراییو خزمەتگوزارییەکانی ڕابگرێت،
بۆیە سەرچاوەکان پێشبینیدەکەن، ئهمڕۆ سێشەممە یان سبهینێ چوارشەممە، ئەم بابەتە
بەتەواوی یەکلابکرێتەوە.
هاوکات ئێوارەی یەکشەممەى ڕابردوو، فەریق
عەبدولئەمیر شەمەری بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتیی
کۆبونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ بەدواداچونی ڕێکارەکانی قاچاخچێتیی نەوت لەجورف ئەلسەخرو
سزادانی فەرماندە کەمتەرخەمەکان، ئەمەش هاوکاتبوو لەگەڵ گەیشتنی هێزی پشتیوانیی سەربازیی
بۆ دەوروبەری ناحیەکە و بڕیاری عەلی زەیدیی بۆ چونەناوەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان
لەماوەیەکی نزیکدا.
سەیف ڕەعد شارەزای ئەمنی لەلێدوانێکدا
وردەکاریی ئەو زانیارییانەی ئاشکراکرد کە دوای چونەناوەوەی لیژنەکەی حکومەت (بەسەرۆکایەتیی
فالح فەیازو نوێنەرایەتیی دەزگا ئەمنییەکان) دزەیان پێکراوەو دەڵێت، "لیژنەکە
لەناو جورف ئەلسەخردا نزیکەی 30 تانکەر، دوو بۆریی کونکراو، دوو پێگەی دەرهێنانی نەوت،
چەند حەوزێکی نەوتیو دوو کارگەی پاڵاوتنی نەوتی دۆزیوەتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە
لەو ناوچەیەدا پرۆسەی تەواوی دەرهێنان، عەمبارکردنو پاڵاوتنی نەوت هەبوە، نەک تەنها
تێپەڕبونی تانکەر".
وتوشیهتى، "مەترسیی ئەم کارە تەنها
بەهەدەردانی سامانی گشتیی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی داهاتی ئەم نەوتە قاچاخەیە بۆ
پارەدارکردنی گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم
سەقامگیرییو کۆکردنەوەی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە، دوای تەواوبونی ئەرکی لیژنەکەش، چەندین هەژماری سەر بەگروپە چەکدارەکانو بەتایبەت
کەتائیبی حزبوڵڵا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵیانداوە گومان بخەنەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانو
وا بڵاوبکەنەوە کە لیژنەکە هیچی نەدۆزیوەتەوە، بەڵام دزەپێکردنی وێنەو گرتە ڤیدیۆییەکان
ڕاستییەکانی بۆ ڕای گشتیی ئاشکراکردو نیشانیدا کە دواجار حکومەت توانیویەتی بچێتە
ناو ناوچەیەکەوە کە ساڵانێک بوو وەک سێگۆشەی بەرمۆدا بەڕوی دەوڵەتدا
داخرابوو".
