حكومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە زانیاری گرنگ ئاشكرادەكات

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدۆسیەی ڕادەستکردنی داهاتی نەوت بەردەوامن و دەشڵێت،" بودجەکە بڕی لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕۆژێکدا دیاری کردوە، لەکاتێکدا هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانی لەو بڕە کەمترە".


حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ڕایگەیاند، ڕەشنوسی بودجەکە داهات و خەرجییەکان و کورتهێنانی چاوەڕوانکراوی دیاری کردوەو بۆ یەکەمجاریش ڕێژەیەک لەبودجەی بەرنامەو ئەدای تێدا جێگیر کراوە، کە پێشتر شتی وا نەبوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ڕەشنوسەکە چەند پاڵپشتییەکی دارایی گرنگی تێدایە، لەوانە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و سندوقی نەوەکان.

بەوتەی وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەم زیادکردنانە دەتوانن قەرەبوی هەر شڵەژانێکی چاوەڕواننەکراو بکەنەوە کە ڕوبەڕوی ئابوریی عێراق ببێتەوە، کە بەرێژەیەکی زۆر پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت.

ئاشکراشی کرد، لەبودجەی داهاتودا بۆ یەکەمجار رێژەی داهاتی نانەوتی بەرز دەبێتەوە بۆ لانیکەم 19%، کە بەرزترین رێژەیە لەمێژوی عێراقدا، لەکاتێکدا پێش ساڵی 2026 لە 11% تێپەڕی نەدەکرد.

عەبودی هۆکاری ئەم بەرزبونەوەیەی گەڕاندەوە بۆ رێکارەکانی وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پەرەپێدانی ئەدای دیجیتاڵی، پشتبەستن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی لەدەروازە سنورییەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی کۆکردنەوەی باج.

سەبارەت بەدواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، وتەبێژەکەی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، ئەم دۆسیەیە پەیوەندیی بەو گفتوگۆ سیاسییانەشەوە هەیە کە لەساڵی 2003ـەوە بەشێوەیەکی باو یاوەری ئامادەکردنی بودجە دەکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەپشکی هەرێمی کوردستانەوە.

حەیدەر عەبودی ئاشکرایکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدۆسیەی ڕادەستکردنی داهاتی نەوت بەردەوامن و رایگەیاند "بودجەکە بڕی لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا دیاری کردووە، لە کاتێکدا هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانی لەو بڕە کەمترە".

وتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لەگەل هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

حەیدەر عەبوودی وتیشی،" حکومەت بەپلەی یەکەم بەرپرسیارە بەسەر داهاتی گەلی عێراقەوە، بەتایبەت نەوت و گاز، بەو پێیەی بەگوێرەی دەستور موڵکی هەموو عێراقییەکانن و هەر بۆیە دەبێت داهاتی ئەم سامانە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم گفتوگۆیە گرێکوێرەی سەرەکییە کە رێگرە لەگەیشتن بەلێکتێگەیشتنەکان.