شارپرێس:
دوای هەڕەشەی موشەکبارانکردنی ناوچەی سەوزو دەمەقاڵێی توندی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران لەکۆبونەوەیەکی نهێنیدا کە تا کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئهمڕۆ سێشەممە بەردەوامبوو، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ کشانەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا لەجورف ئەلسەخرو ڕێگریکردن لەتەقینەوەی شەڕێکی ناوخۆیی.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی سەرچاوە باڵاکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەکەناڵی (حوڕه)ى ئهمریكیان داوه، قائانی شەوی ڕابردوو بەپەلە گەیشتوەتە بەغداو تا بەرەبەیانى ئهمڕۆ سێشهممه لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگفتوگۆدا بوە بۆ هێوركردنهوهى ئەو گرژییەی خەریکبوو عێراق بەرەو پێکدادانی سەربازیی ببات.
بهگوێرهى وردەکاریی ڕێککەوتنەکە، پشتپەردەی هەڕەشەکانو هۆکارەکانی ئەم قەیرانە گەورەیە بەمشێوەیەن، کۆبونەوەکە تاكاتژمێر چواری بەرەبەیان بهردهوامبوو، زەیدییو قائانی لەسەرئەوە ڕێککەوتن کە کەتائیبی حزبوڵڵا لەماوەیەکی نزیکدا لەپێگەی سەرەکیی خۆی لەجورف ئەلسەخر بکشێتەوەو لەبەرامبەردا هێزێکی هاوبەش لەسوپا، پۆلیسو حەشدی شەعبی بچنە ناو ناحیەکە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، هاوكات بەم ڕێککەوتنە، حکومەتی عێراق ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ڕاگرت کە بڕیاربوو لەدوای تەواوبونی مۆڵەتەکەی ڕۆژی هەینی بەتانکو زرێپۆشەوە ئەنجامی بدات.
شەوی دوشەممە، چەند کەسایەتییەکی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێکی هەڕەشەئامێزیان گەیاندە عەلی زەیدیی بەوەی ئەگەر سوپا هێرشبکاتەسەر جورف ئەلسەخر، ئەوا ناوچەی سەوز بەموشەکو درۆن بۆردوماندەکرێت؛ ئەمەش وایکرد نێردە دیپلۆماسییەکان لەبەغدا ڕێوشوێنی خۆپارێزیی توند بگرنەبەر.
لەکۆبونەوەی ئێوارەی دوشەممەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، دەمەقاڵێیەکی توند لەنێوان زەیدییو هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر دروستبوو؛ عامری چەکدارانی کەتائیبی بەموجاهید ناوبردو داوایکرد پەلەنەکرێت، هاوکات کەتائیبیش بەبڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کارگەی موشەکو درۆن هەڕەشەیکردبوو کە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایانکردوە، زەیدیی بڕیاربوو بەرەبەیانی هەینیی ڕابردوو بەسێ لیوای سەربازی هێرشبکاتەسەر جورف ئەلسەخر، بەڵام دزەپێکردنی پلانەکە لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازییەوە بوە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکە.
ئەم ململانێیە دوای ئەوە تەقییەوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەت ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی پشتڕاستکردەوە سەبارەت بەدزینی نەوت لەبۆرییەکانی جورف ئەلسەخر لەساڵی 2021وە کە بەهای ئەو نەوتە قاچاخە بەنزیکەی دوو ملیار دۆلار لەساڵێکدا دەخەمڵێنرێت، بەهۆی ئەم دۆسیەیەشەوە زەیدیی نۆ بەرپرسی باڵای بابلی دورخستەوە.
ناحیەی جورف ئەلسەخر کە تەنها 60 کیلۆمەتر لەباشوری ڕۆژئاوای بەغداوە دورە، لەتشرینی یەکەمی 2014وە لەژێر کۆنترۆڵی کەتائیبی حزبوڵڵادایەو زیاتر لە10 ساڵە دانیشتوانەکەی ئاوارەنو هیچ دامەزراوەیەکی حکومەت بۆی نەبوە بچێتە ناوی.
