دەمپارتی هەلومەرجی كاركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لەشوێنە نوێكەی ئاشكرادەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەمپارتی ڕایگەیاند، دوای گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ شوێنە نوێیەکەی لەدورگەی ئیمراڵی، هەلومەرجی کارکردنی گۆڕدراوەو سکرتاریەتەکەشی بۆ کارکردنێکی خێراتر بەهێز کراوە.


تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی لەکۆبونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لەپەرلەمانی تورکیا باسی لەقۆناغەکانی پڕۆسەی چارەسەری و رەوشی زیندانییە نەخۆشەکان، دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کوردو دانانی قەییوم بۆ کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆن كرد.

باکرهان وتیشی،"ئۆجەلان، لەگەڵ چونی بۆ شوێنە نوێیەکەی، هەلومەرجی کارکردنی گۆڕا. با لێرەوە بەڕونی ئەمە بڵێم. هەروەها بۆ کارکردنێکی خێراترو بەرهەمدارتر، سکرتاریەتەکەی بەهێزکرا کە یەکەمجارە باسی ئەمە دەکەین.
وتوشیەتی،" پێشتریش وتومانە ئەگەر لەپرۆسەی ئاشتیدا چەکدانان هەبێت، دەبێت یاسا و سیاسەت ببنە شوێنگرەوەی چەکدانان. کاتێک ژینگەی سیاسی ئاسایی دەبێتەوە، ئەوکاتە ئاشتی بەدەستدێت. وەک ئەوەی ئەمرۆ دەیبینین، بەدانانی قەییوم و دەست بەسەرکردن و بێدەنگکردنی میدیا، نەوەک رۆڵی باسمان لەم پرۆسەیەدا دەبێت، بەڵکو زیانی پێدەگەیێنین".

باکرهان هەڵسەنگاندنی بۆ پڕۆسەی چارەسەری کردو ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆسەکە لەچوار قۆناخ پێکدێت:.

 قۆناغی یەکەم بریتی بوو لەبێدەنگبونی چەکەکان و ڕاگرتنی شەڕ 

 قۆناغی دوەم بریتی بوو دامەزراندنی زەوینەی دیالۆگ و دانوستان

قۆناغی سێیەم دروستکردنی چوارچێوەی یاسایی و سیاسی بوو

قۆناغی چوارەمیش کرانەوەی رێگەی سیاسەتی دیموکراسی و دابینکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانە.

باکرهان وتی کە ئەوان ئێستا لەناو قۆناغی سێیەمدان و لەبەردەم دەرگای قۆناغی چوارەمن.

هەروەها سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کوردی کرد کە پێکهاتبون لەبایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)؛ حەسەن داغتەکین، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە؛ هەریەک لەسیاسەتڤانان محەمەد جان ئۆزبای و فوئاد ئۆنەن و وتی،"دەستبەسەرکردنی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەهۆی چالاکیی سیاسی و بیروڕایانەوە قبوڵ ناکەین و سەرکۆنەی دەکەین".