ئایا شەڕی ئێران و ئەمریکا بەبێ ڕێککەوتنی فەرمی کۆتایی دێت؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێشەکی

بەپێی شیکاریی تریتا پارسی، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگای کوینسی، ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و ئەمریکا نە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی فەرمییەوە دەبێت و نە لە ڕێگەى بەریەک کەوتنێکی یەکلاکەرەوە، بەڵکو لە ڕێگەى سیناریۆیەکی دیکەوە دەبێت کە پێیى دەوترێت سیناریۆى پەنیری سویسرى و بریتییە لە کەمکردنەوەی هێواشی فشارە ئابووری و سەربازییەکان، بەبێ ڕاگەیاندنی کۆتایی شەڕ.

 سيناریۆی پەنیری سویسری
ناوى ئەم سيناریۆیە، لە شێوەى دەرەکى پەنیری سویسرییەوە وەرگیراوە کە پڕیەتى لە چاڵ و چۆڵ، لەسەر دوو ئاست کار دەکات:
لە سەر ئاستی فەرمی: ئەمریکا سزاکان و گەمارۆی ئابووری دەهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی نیشانى بدات سیاسەتی فشار هەروا بەردەوامە.
لە سەر ئاستی کردەوە: جێبەجێکردنی سزاکان هێواش هێواش لاواز دەبێت و ڕێگە بە هەندێک مامەڵەی بازرگانی و فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدرێت.
بەم شێوەیە، ئێران ئابوورییەکەى هەناسەیەک وەردەگرێت و ئەمریکاش دەتوانێت بەبێ ڕاگەیاندنی شکستی سەربازی یان سیاسی، لە پێکهاتەی ڕووبەڕووبوونەوەکە دوور بکەوێتەوە.

 هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
گرنگیی ئەم سناریۆیە لەوەدایە کە هەردوو لا دەتوانن بەبێ دانپێدانانی فەرمی بە شکستی خۆیان، ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە کەم بکەنەوە.
ئێران: دەتوانێت بە پشتبەستن بە بازاڕەکانی ئاسیا و هاوکاریی هەرێمایەتى، کاریگەریی سزاکان کەم بکاتەوە.
ئەمریکا: دەتوانێت تێچووی بەردەوامیی شەڕ و مەترسییەکانی لەسەر وزە و بازرگانی جیهانی کەم بکاتەوە.
وڵاتانی کەنداو: دەرفەتیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکان لەگەڵ تاران زیاتر دەبێت.
بەڵام ئەم دۆخە چارەسەری کێشە سەرەکییەکان ناکات، بەڵکو تەنها شێوەی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکە دەگۆڕێت.

 مەترسی و سنوورەکان
سەرەڕای کەمبوونەوەی توندوتیژی، ئەم سناریۆیە چەند مەترسییەکی هەیە:
ئەگەری هەڵەی هەڵسەنگاندن و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.
بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان و نەبوونی چاودێرییەکی ڕوون.
بەردەوامبوونی نائارامی لە تەنگەی هورمز و بازاڕی وزە.
بەکارهێنانی فشار و گەمارۆ وەک ئامرازی سیاسی لەلایەن هەردوو لاوە.
ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو لا هێشتا لەسەر مەرجەکانی گفتوگۆ جیاوازن و ناوبژیوانیی هەرێمایی بەردەوامە.

 ئەنجام 
سناریۆی پەنیری سویسری دەکرێت دۆخێکی نوێی نێوان شەڕ و ئاشتی دروست بکات؛ دۆخێک کە تێیدا ئەگەرى شەڕی ڕاستەوخۆ کەم دەبێتەوە، بەڵام ناکۆکییە ستراتیژییەکان چارەسەر ناکرێن.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، ئەمە دەکرێت بە گۆڕینی شێوازی شەڕ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە بۆ ململانێی ئابووری، دیپلۆماسی و ئاسایشی ناوچەیی سەیر بکرێت.