شارپرێس:
حوسییەکامی یەمەن ئەمرۆ هەینی هۆشدارییەکی توندیان دایە سعوودییە و ڕایانگەیاند کە هەموو بەندەرەکانی سعودیە لەسەر کەناری دەریای سوور دەکەنە ئامانج، ئەگەر هاوپەیمانییەتیی بە سەرکردایەتیی سعودیە هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات و بەندەری حودەیدەی یەمەن بەئامانج بگرێت.
یەحیا سەریع، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەم بڕیارە وەڵامێکە بەرانبەر بە هەر هێرشێکی گریمانکراو بۆ سەر بەندەری حودەیدە، و جەختیکردەوە کە لە حاڵەتی جێبەجێکردنی هەڕەشەکاندا، بەندەرە سعودییەکانی سەر کەناری دەریای سوور وەک ئامانج مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
سەریع هۆشدارییەکی ئاراستەی فەرمانبەران، کرێکاران و ئەو کەسانە کرد کە لە نزیک بەندەرە ئامانجگیراوەکانن، و داوای لێکردن دەستبەجێ شوێنەکە بەجێبهێڵن و خۆیانی لێ بەدوور بگرن، هەروەک داوای لە کۆمپانیا کەشتیوانییەکان کرد کە بە پەلە کەشتییەکانیان لەو بەندەرانە بکێشنەوە.
لە بەرانبەردا، تورکی ئەلمالکی، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانییەتیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن، پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەتی داوای لە هاووڵاتییانی مەدەنیی کردووە بەندەری حودەیدە چۆڵ بکەن، بەپێی نەخشەی ڕوونکەرەوەی شوێنەکە، بۆ پاراستنی سەلامەتییان.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دێت کە گرژییەکان و شەڕ لە نێوان حوسییەکان و سعودیەدا بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچن، بەتایبەتیی دوای ئەو هێرشەی حوسییەکان کە ڕۆژی پێنجشەممە کرایە سەر بەرزترین تاوەری هەوربڕی ڕیاز.