ئێران و ئەمریكا گەڕێكی دیكەی دانوستانەكان دەستپێدەكەنەوە

جیهان

38 خولەک پێش ئێستا‌ 104 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشكرایكرد، هەردوو نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، ستێڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، لەشاری بەرلین کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر ئەنجام داوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکانی نێوەندگیری لەنێوان واشنۆن و تارانداو دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو گەڕێكی نوێی دانوستانەكان دەستپێدەكەنەوە.


ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردوە، لەکۆبونەوەکەدا شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەرو عەلی ئەلزەوادی، نێردەی تایبەتی قەتەر بەشدار بون.

قەتەر وەک نێوەندگیری سەرەکی نێوان ئەمریکاو ئێران، چەند هەفتەیەکە هەوڵ دەدات رێککەوتنێک بهێنێتە کایەوە بۆ زیندوکردنەوەی ئاگربەست، دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و رێگریکردن لەسەرهەڵدانەوەی جەنگ.

ئەم کۆبونەوەیە دوای زنجیرەیەک جموجۆڵی چڕی دیپلۆماسی دێت، هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوەوە. دوابەدوای ئەوەش، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەتورکیا چاوی بەعەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کەوت و وردەکاریی گفتوگۆکانی واشنتۆن و رێگەکانی شکاندنی بنبەستی دانوستانەکانی پێ گەیاند.