پەیامی مەزڵوم عەبدی لەبارەی ڕێککەوتنی هەسەدەو دیمەشق

کوردستان

07/12/2025‌ 1032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پیرۆزباییەکی لەبارەی ساڵیادی روخانی رژێمی ئەسەد بڵاوکردەوە و دەڵێت، پابەندین بە رێککەوتنی 11ی ئازار، کە بنەمایەکە لەسەر بونیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی و لامەرکەزی.


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە ) لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ساڵێک لەمەوبەر بە روخانی رژێمی ئەسەد سوریا چوە قۆناغێکی نوێوە، ئەوەش لەرێگەی وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە کە شانازی پێوە دەکەین و کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ستەم و دابەشکاری هێنا ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە گەلی سوریا دەکەین، کە ئیرادەی سورییەکان بۆ بونیاتنانی داهاتویەکی دادپەروەر و سەقامگیر و هاوبەش دوپاتدەکاتەوە ".

مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشکردوە، ئەم قۆناغە بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانی هاوبەش بەسەر هەموان دەسەپێنێت، کە خۆی لە گفتوگۆی گشتگیر لە بەرژەوەندی سورییەکان دەبینێتەوە.

لەکۆتاییشدا مەزڵوم عەبدی رایدەگەیەنێت،" پابەندی نەگۆڕی خۆمان بە رێککەوتنی 11ی ئازار دوپاتدەکەینەوە، کە بنەمایەکە بۆ بونیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی، لامەرکەزی بە ئیرادەی گەلەکەی، کە پشتئەستور بێت بە بنەماکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی. ".

بەپەلە