پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی شۆفێران دەكرێت

کوردستان

07/12/2025‌ 797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاتوچۆی سلێمانی لەپەیامێكدا داوا لەشۆفێران دەكات پابەندی ڕێنماییە سەلامەتییەكانی هاتوچۆ بن و دەڵێت، نەچنە ئەو جێگایانەی ئەگەری كۆبونەوەی باراناوی تێدا دەبێت و بەهیچ جۆرێك خۆیان نەخەنە دۆخێكی مەترسیدار.

 
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ‎ڕاگەیەندراوێكی بۆ شۆفێرانی شاری سلێمانی بڵاوكردەوەو دەڵێت، وەك ئاگادارن بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی شەپۆلێكی چڕی بارانبارین ڕوی لەشارەكەمان كردوەو ئەگەری دابارین بەشێوەی لێزمە و بەخوڕ هەیە لەماوەكانی داهاتودا.

هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردوە كە ئامادەكاری تەواویان كردوە لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و شۆفێرانی شارەكەمان، سەرجەم مەفرەزەو ئالیەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆش لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەركێك كە لەكاتی پێویستدا پێیان بسپێردرێت.

ئەوەشی ڕونكردوەتەوە كە بەشی ڕاگەیاندن و هۆشیاری و ڕادیۆی ترافیك FM بەردەوام لەئەركدا دەبن و لەهەر حاڵەتێكی لەناكاو ئاگاداری بڵاودەكەنەوە بۆئەوەی شۆفێران بەدوربن لەهەر مەترسییەك ئەگەر بونی هەبوو لەشەقام و ڕێگاكانی دەرەوەی شار.

لەبەشێكی دیكەی بەرچاوڕونییەكەی هاتوچۆی سلێمانیدا هاتوە،" لەڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ سەلامەتی هاوڵاتییان، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەكەین بەهاتنی ئەو شەپۆلە لەبارانبارین، پابەندی ڕێنماییە سەلامەتییەكانی هاتوچۆ بن و نەچنە ئەو جێگایانەی ئەگەری كۆبوونەوەی باراناوی تێدا دەبێت و بەهیچ جۆرێك خۆیان نەخەنە دۆخێكی مەترسیدارو لەكاتی حاڵەتی پێویست دەتوانن پەیوەندی بەژمارە خێراكان بكەن":

كۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانی ۱۸۸ 
بەرگری شارستانی ۱۱٥
تەندروستی ۱۲۲ 
پۆلیس ۱٠٤ 
ئاسایش ۱٠٦

بەپەلە