شارپرێس:
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیهنێت، شهش کاندیدی براوە لەدوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە 11ی 11ی ڕابردودا دورخراونەتەوە، هاوکات جەخت لەسەر گۆڕانکاریی لەئەنجامەکانو دابەشکردنی کورسییەکان دەکاتەوە.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکرایدەکات، لەدوای پڕۆسەی دەنگدان گۆڕانکاریی لەلیستەکانی براوەو دابەشکردنی کورسییەکاندا کراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
حەسەن سەلمان ڕاوێژکاری یاسایی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کاندیدانەی لەدوای هەڵبژاردنەکان تائێستا دورخراونەتەوە گەیشتوەتە شەش کاندید، دوایین حاڵەتی دورخستنەوە بەهۆی تانەیەک بوە لەشایستەیی یەکێک لەکاندیدەکان، کە بوە هۆی سەرکەوتنی تانەکەو دورخستنەوەی.
سەلمان ڕایدەگەیهنێت، گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەئەنجامەکاندا ڕویداوە، چونکە هەندێک لەلیستەکان کورسییەکانیان لەدەستداوە پاش دورخستنەوەی کاندیدە براوەکان، گۆڕانکاریی لەکۆتای ژنان لەپارێزگای نەینەوا ڕویداوە، بەجۆرێک کورسیی کۆتا لەلیستێکەوە بۆ لیستێکی دیکە گواستراوەتەوەو کورسییەکە گۆڕدراوە بەکاندیدێکی پیاو لەو لیستەی پێشتر خاوەنی کۆتاکە بوە.
ڕاوێژکاری یاسایی کۆمسیۆن ڕونیدەکاتەوە، بڕیارەکانی دورخستنەوە کە لەسەر بنەمای تانەدان لەشایستەیی کاندیدەکانن، پێویستیان بەکردنەوەی وێستگەکانی دەنگدان یان ژماردنەوەو جیاکردنەوەی دەستی نییە.
دهشڵێت، "هەر ئاماژەیەک یان تانەیەک کە پێش پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بگاتە کۆمسیۆن، لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە تاووتوێدەکرێتو بڕیاری پێویستی لەسەردەدرێت".
