شارپرێس:
بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ داوای بەهاناوەچون دەکات و ڕایگەیاند، بەهۆی نەبونی پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەییەوە، نەخۆشخانەکانی شارۆچکەکە خەریکە پەکیان دەکەوێت.
نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، رایگەیاند،" لەڕوی پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەییەوە نەخۆشخانەکانی چەمچەماڵ خەریکە پەکیان دەکەوێت، تەنانەت برین پێچیشیان نییە".
بەڕێوەبەری تەندروستی شارەكە وتیشی، کارەبای چەمچەماڵ بڕاوەو نەخۆشخانەکان بەمۆلیدە کار دەکەن، لەکاتێکدا تەندروستیی چەمچەماڵ 11 ملیۆن دینار قەرزداری بەنزینخانەیەکەو خاوەنەکەی پێی وتون کە چیتر سوتەمەنییان پێنادات و دەشڵێت، بودجەیەکیان هەیە، بەڵام 20% کەم کراوەتەوە".
نورەدین جەلال ئاماری قوربانیانی لافاوەكەی ئاشكراكردو وتی، دوو کەس خنکاون و 15 بریندار هەیە، کە نەشتەرگەری بۆ دوانیان کراوەو یەکێکیان ڕەوانەی سلێمانی کراوە، ئەوانی دیکە باری تەندروستییان جێگیرە و لەژێر چاودێریدان."