ئەمریکا سیستمی بەرگریی مووشەکیی دەداتە هەرێمی کوردستان

کوردستان

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2027 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند،بە خێرایی" لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەولێر و بەغدا کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی موشەکیی بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی هەستیاری هەرێمی کوردستان لە هێرشەکان.

جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە بەغدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر "قێزەون" بووە و وتیشی " لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیی بەردەوامداین و کار دەکەن بۆ ناردنی ئەو سیستمانەی کە ژێرخانی هەستیار دەپارێزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی، کە بە مووشەک و درۆن هەڕەشە لە سەقامگیری و هاوکاریی ئابووری دەکەن".

هاوکات وتیشی "پێویستە سەرچاوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، کە بریتییە لەبڵاوبوونەوەی توانای سەربازی لە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە هەڕەشە لە سەلامەتیی ئەمریکی و عێراقییەکان دەکات".

سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە نێوان پارتی و یەکێتی، بەرپرسی کارەکانی ئەمریکا وتی، واشنتن لە نزیکەوە چاودێری دەکات و وتی: "پێویستە ئەم گفتوگۆیانە بە خێرایی بەڕێوە بچن."